ریال مەدرید لە زێدان هەڵدەگەڕێتەوە و بەدوای راهێنەرێكی نوێ دەگەڕێ
رۆژنامەیەكی ئیسپانی ئاشكرای كرد كە شكستەكەی پێرێ یەكشەمی یانەی ریال مەدرید بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنە، كاریگەرییەكی گەورەی كردووەتە سەر ناوی زێنەدین زێدانی راهێنەری فڕەنسی و یانەكەش لە ئێستاوە بەدوای جێگرەوەیەك دەگەڕێ.
یانەی ریال مەدرید پێرێ یەكشەم لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە گەڕی 33ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا بەئەنجامی 2-3 گۆڵ بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنەی ركابەری دۆڕا، بەم دۆڕانەش بە ئەنجامی 75 خاڵ و بەجیاوازی گۆڵ ریزبەندی یەكەمی یانەكانی چۆڵكرد.
رۆژنامەی (ئاس)ی نزیك لە یانەی ریال مەدرید بڵاوی كردەوە كە بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید لەسەرووی هەمووشیانەوە فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆك بەهۆی ئەم شكستەوە بیروڕایان بەرامبەر زێدان گۆڕاوە و رەنگە كۆتای ئەم وەرزە لە كارەكەی دەری بكەن.
رۆژنامەكە جەختیشی كردەوە كە مانەوەی زێدان لە یانەی شاهانە پابەندە بە بەدەستهێنانی ناسناوی ئەمساڵی خولی ئیسپانیا كە یانەكە لە ساڵی 2012وە ناسناوەكەی بەدەست نەهێناوە.
یانەی ریال مەدرید لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئیسپانیا 6 یاریی ماوە ئەنجامی بدات، دەبێت لە كۆی ئەو 18 خاڵەدا بەلایەنی كەم 16 خاڵ بەدەست بێنێ بۆ ئەوەی ناسناوەكە بباتەوە.
لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپاش یانەكە گەیشتووەتە قۆناغی پێش كۆتا و پێویستە لەو قۆناغەدا لە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی هاوسێی بباتەوە تا لە بەدەستهێنانی ناسناوی دووەمی پاڵەوانیەتییەكە نزیكتر بێتەوە.
رۆژنامەكە بڵاویشی كردەوە كە ئەگەر زێدان نەتوانێ هەردوو ناسناوەكە بباتەوە، ئەوا لە كاری راهێنەرایەتیی یانەی ریال مەدرید دەردەكرێ.
یانەكە هەروەها لە ئێستاوە بەدوای جێگرەوەی زێدان دەگەڕێ، بۆ ئەمەش چەند راهێنەرێكی بۆ پۆستەكە پاڵاوتووە كە گرینگترینیان یواخیم لۆفی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، ئەنتۆنیۆ كۆنتی راهێنەری یانەی چێڵسی، ماوریسیۆ بوچیتینۆی راهێنەری یانەی تۆتنهامی ئینگلیزین.
وشە -
ئامانج ئهكرهم