منداڵدانی دەستكرد دروست كرا

:: AM:09:48:26/04/2017 ‌
زانایانی ئەمەریكا توانیان كیسێكی پڕ لە شلە دروست بكەن كە هاوشێوەی منداڵدانە و بە ئامێرێكی منداڵدانی دەرەوەی جەستە ناوی دەبرێ، ئەمەش یارمەتیدەرێكی بەهێزە بۆ ئەوانەی دەیانەوێ وەچە بخەنەوە و منداڵیان ببێ.

بەگوێرەی توێژینەوەیەك زانایانی ئەمەریكا، توانیویانە كیسێكی پڕ لە شلە كە هەموو كار و ئەركەكانی منداڵدان جێبەجێ دەكات، دروست بكەن و دەتوانێ هاوشێوەی منداڵدان گەشە بە یەكگرتنی هێلكۆكە و سپێرم بدات و منداڵ بخاتەوە.

هۆكارێكی تری دروست كردنی ئەو داهێنانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، زیاتر لە 30 هەزار منداڵ لە ئەمەریكا پێشوەختە ساڵانە لە دایك دەبن و بەشێكی جەستەیان بە تەواوی گەشەی نەكردووە و لە هەفتەكانی 23 و 26 دێنە دنیاوە، دواتر دەخرێنە نێو ئەو كیسە تا تەواوی بەشەكانی جەستەیان دروست دەبێ و لە دەست كەمئەندامی و تەواونەبوونی جەستە ڕزگاریان دەبێت.

قەبارەی ئەو منداڵانەی پێشوەختە لەدایك دەبن، هەندێكیان دەگاتە 500 گرام و زۆربەشیان سییەكانیان بە تەواوی گەشەی نەكردووە و توانای وەرگرتن و دانەوەی هەناسەیان نییە، بۆیە ئەمە دەرفەتێكی زێڕینە تا بتوانن لە ژیان بەردەوام بن، ئەمەش لە كاتێكدایە ڕێژەی 70%یان گیان لە دەست دەدەن، یان تووشی كێشەی زۆر گەورە و كەمئەندامی دەبن لە ژیان.

ئالن فلیك پسپۆر لە نەخۆشخانەی فیلادلفیا بۆ منداڵان گوتی، ئەو ئامێرەمان گەشەپێدا و بەرهەمهێنرا، چونكە منداڵان بە ڕێژەیەكی زۆر فرەوان پێویستیانە و ئەمە دەبێتە پردێك لە نێوان منداڵدانی دایك و منداڵدانی دەرەوە، بۆ ئەوەی تەواوی ئەندامانی جەستەی منداڵەكە گەشە بكەن.
هەروەها گوتی، ئامانجی ئەو ئامێرە تەواوكردنی بەشەكانی جەستەی ئەو منداڵانەیە كە زوو لە دایك دەبن و كێشەی دروست نەبوون و گەشەكردنی ئەندامانی جەستەیان هەیە، ئەم كیسه كە هاوشێوەی منداڵدانە ڕێگە لە مردنی هەزاران منداڵ و كەمئەندامبوونیان دەگرێ و دەرفەتی ژیانیان بەشێوەیەی تەندروست و بێ كێشە بۆ دەڕەخسێنێت.

سەرچاوە/سكای نیوز.




وشە - باز ئه‌حمه‌د