ئێنریكی حەسوودی بە یانەی ریال مەدرید دەبات

:: AM:10:11:26/04/2017 ‌

لویس ئێنریكی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە ئاشكرای كرد كە خوازیار بوو هەمان بەختی یانەی ریال مەدریدیان هەبووایە سەبارەت بەو یارییانەی كە لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئیسپانیا ماویانە.

هاندەرانی تۆپی پێ بەگشتی پێیانوایە یانەی بەرشەلۆنە زیاتر نزیكە ناسناوی ئەمساڵی خولی ئیسپانیا بەدەست بێنێ بەتایبەتیش دوای بردنەوەیان لە یاریی كلاسیكۆی یەكشەمی رابردوو بەرامبەر یانەی ریال مەدرید.

هەروەها پێیانوایە كە یانەی بەرشەلۆنە بەبەراورد لەگەڵ یانەی ریال مەدرید یارییەكانی داهاتووی ئاسانترە، جگە لەوەش یانەی شاهانە تا ئێستا لە ركابەرییەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا ماوە و لە قۆناغی پێش كۆتادا بەرامبەر هاوسێیەكەی ئەتلەتیكۆ مەدرید یاریی دەكات.

هەردوو یانەكە ئێستا 75 خاڵیان هەیە، بەڵام یانەی بەرشەلۆنە بەجیاوازی گۆڵ لە ریزی یەكەمی یانەكانی خولی ئیسپانیا دێت و یانەی ریال مەدریدیش یارییەكی دواخراوی بەرامبەر یانەی سێلتا فیگۆ ماوە.

لەمبارەیەوە ئێنریكی بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی: ئاواتەخوازبووم یانە بەرشەلۆنە هەمان یارییەكانی یانەی ریال مەدریدی هەبووایە، چونكە ئەگەر بەو شێوەیە بووایە ئێمە لە ركابەرییەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا مابووین، بێگومان یاریكردن لە خولەكەدا باشترە وەك لەوەی لە پشوودابیت.

یانەی بەرشەلۆنە ئەمڕۆ چوارشەم لە سەعات 8:30ی شەو بەكاتی كوردستان، لەنێو یاریگەی كامپ نوو لە گەڕی 34ی خولی ئیسپانیا رووبەڕووی یانەی ئۆساسۆن دەبێتەوە، یانەكە پێشتر لە یاریی چووندا بە 3 گۆڵی خاوێن سەركەوتنی بەدەستهێنابوو.

بۆ ئەم یارییە، راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە گوتی: بەدڵنیاییەوە هیچ یارییەك ئاسان نییە و هەموو یارییەكان لە ئێستاوە تا كۆتایی زەحمەتن، پێویستە خۆمان بۆ هەموو موفاجەئەیەك ئامادە بكەین بەتایبەتیش بەرامبەر ئەو یانانەی كە لە ریزبەندییەكانی كۆتای خولی ئیسپانیان.

جێی باسە یانەی ئۆساسۆنا ئێستا بەكۆكردنەوەی 18 خاڵ لە دوایین ریزبەندی یانەكانی خولی ئیسپانیا دێت و شەڕی مان و نەمان دەكات بۆ ئەوەی لە خانەكانی دابەزین دوور بكەوێتەوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م