ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا فه‌رمانیان ده‌ركرد به گرتنی هه‌زار كه‌سی تر و له ڕۆژی سێشه‌مه‌وه‌ش 803 كه‌سی تر به تۆمه‌تی تێوه‌گلان له كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ی توركیا گیراون، به‌مه‌ش كۆی گشتی گیراون و دوورخراون گه‌یشته 113 هه‌زار كه‌س.
سه‌رچاوه ته‌ناهییه‌كانی توركیا بڵاویان كرده‌وه، هه‌ڵمه‌ته‌كانی گرتن به‌رده‌وامیان هه‌یه بۆ دوورخستنه‌وه‌ی تۆڕی كه‌سانی سه‌ر به بزووتنه‌وه‌ی خزمه‌ت له نێو فه‌رمانگه و كه‌رته جیا جیاكانی و پارێزگاكانی توركیا.
میدیاكان ئاشكرایان كرد، زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری گیراوانی ئه‌م هه‌فته‌یه پله‌ی ئه‌فسه‌ریان له ڕیزه‌كانی پۆلیس هه‌یه و له ته‌واوی شاره‌كانی توركیا گیراون و ڕاسته‌وخۆش بۆ گرتووخانه‌كانی ئه‌نكه‌ره ده‌گوێزرێنه‌وه.
دوای كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ی 15 ته‌مووز/یۆلیۆی 2016 حكوومه‌تی ئاكپارتی فه‌تحوڵا گوله‌نی به كه‌سی پشت كوده‌تاكه ناوبرد و چه‌ندان جاریش داوای له ئه‌مه‌ریكا كرد، گوله‌ن ڕاده‌ستی ئه‌نكه‌ره بكاته‌وه، دادگه‌ی ئه‌مه‌ریكاش داوای به‌ڵگه‌ی پێویستی له ئه‌نكه‌ره ده‌كرد، بۆ تێوگلانی گوله‌ن له كوده‌تاكه، ئه‌وكات تاوتوێ ناردنه‌وه و مانه‌وه‌ی گوله‌ن له ئه‌مه‌ریكا ده‌كرێ، به‌ڵام تا ئێسته ئه‌م پرسه یه‌كلایی نه‌بووه‌ته‌وه.
حكوومه‌تی توركیا پاش كوده‌تاكه ده‌ستی به هه‌ڵمه‌تێكی فره‌وانی گرتن و دوورخستنه‌وه‌ی پۆلیس و سه‌رباز و ئه‌فسه‌رانی سوپا و كه‌رتی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا و ته‌واوی بواره‌كانی تر كرد، به ده‌یان هه‌زاریان دوورخرانه‌وه و تا ئێسته‌ش ڕێژه‌كه گه‌یشتووه‌ته 113 هه‌زار كه‌س كه ڕێگه‌یان لێگیراوه له‌سه‌ر كاره‌كانیان به‌رده‌وام بن، دوورخراونه‌ته‌وه، یان ناچار به ده‌ست كێشانه‌وه له كار كراون، یانیش گیراون و له گرتووخانه‌كاندان.