سەرەتای ساڵی خوێندن لە هەردوو پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە خوێندن بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگ دواکەوت و ئەو کتێبانەی وەزارەتی پەروەردە بۆ پۆلەکانی دەستنیشان کردوە بەپێی ستاندەر دەبێ لە ماوەی نۆ مانگی خوێندندا تەواو بکرێن، بەڵام قوتابیانی ئەو سنوورانەی بایکۆتی تیادا بووە یەک لەسێی ئەو کاتەیان لەدەست جووە و ئەوەی زەرەرمەندی گەورەیە قوتابیانی پۆلی نۆی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیین کە تاقیکردنەوەی نیستیمانی ئەنجام دەدەن.
ئەمڕۆ چوارشەم 26ی نیسان/ئەپریل سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە پلانی وەزارەتەکەی بۆ کەمکردنەوەی ئەو پاڵەپەستۆیەی خراوەتە سەر قوتابیانی ئەو سنوورە بۆ "وشە" دەخاتە روو و رای دەگەیەنێت، وەزارەتی پەروەردە توانیویەتی قەرەبووی ئەو ماوە فەوتاوە بۆ سلێمانی و سنووری ئیدارەی گەرمیان و هەڵەبجە و راپەڕین بکاتەوە بەوەی ماوەی تاقیکردنەوەکان بۆ ماوەی 14 رۆژ دوا بخات و لەناو تاقیکردنەوەکانیشدا بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە نزیکەی 10 رۆژ دەبێتە پشوو و سەرجەم بۆنە نیشتیمانی و ئاینییەکان کە تیایدا پشووی فەرمییە لە کوردستان لەو سنوورە سەرجەمیان هەڵوەشاوەتەوە جگە لە یەکی ئایار، دواکەوتنی قوتابیان بەوانە قەرەبو کراوەتەوە.
سیوەیلی لەبارەی تاقیکردنەوە نیشتیمانییەکانی پۆلی نۆ و 12ی قوتابیانی سلێمانی و هەڵەبجە کە هەمان ئەو پرسیارانەیان بۆ دێتەوە لە پارێزگای دهۆک و هەولێر دەخرێتە بەردەم قوتابیان دەڵێ، تاقیکردنەوەکان لە سەرانسەری کوردستان بۆ پۆلە کۆتاکانی نۆی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی لە 14 و 15 مانگی حوزەیراندایە و تاقیکردنەوەی پۆلی 12ی ئامادەیی رۆژێک دوای پۆلی نۆی بنەڕەتی دەست پێ دەکات و ئەوە هەموو پارێزگاکانی کوردستان دەگرێتەوە.
زیاتر روونی دەکاتەوە، لەبارەی پۆلە ناکۆتاکانەوە دەسەڵات دراوەتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەکانی ئەو پارێزگایانە و ئەوانیش رۆژی 22ی ئایاریان وەک رۆژی دەستپێکی تاقیکردنەوەکان دیاری کردوە و لە رۆژی 30 ئایار کۆتایی پێ دێت، ئەوانیش بە بەراورد لەگەڵ پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک نزیکەی 10 رۆژ تاقیکردنەوەکانیان بۆ دوا خراوە و بە راوێژکردن لەگەڵ کەسانی پسپۆڕ و بەڕێوەبەرایەتییەکان ئەو ئەو کاتانەی دیاری کراوە بۆ دواخستنی تاقیکردنەوەکان کاتێکی گونجاوە و ناکرێ بگوترێ کە قوتابی پێ راناگات.
کۆی ئەو پشوویانەی وەک قەرەبوو کردنەوەی دواکەوتن لە سنووری هەڵەبجە و سلێمانی دەوامی فەرمی بووە لە قوتابخانەکان پاڵەپەستۆی زۆری خستووەتە سەر قوتابیان و سیوەیلی وەزارەتەکەی لەو دۆخە بێبەری دەکات کە رووبەڕووی قوتابیان کراوەتەوە و دووپاتی دەکاتەوە، ئەگەر هەندێک پاڵەپەستۆ چووبێتە سەر قوتابیانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، ئەوە خەتای وەزارەتی پەروەردەی تیادا نییە و خواستی وەزارەت نەبووە خوێندن دوا بخرێت و فشارێکی دەروونی لەسەر قوتابی دروست بێت، بەڵام ئەوەندەی لەتوانای وەزارەتی پەروەردەدا بوو توانیویەتیرەچاوی بارودۆخی دەروونی قوتابیان بکات و بەو شێوەیە قەرەبویان بۆ بکاتەوە و ئەمساڵ بە سەرکەوتوویی تێبپەڕێنن بەبێ ئەوەی باجی گەورە بدەن.