خوشكی قەڵەوترین كچی دنیا گوتەی پزیشكە هیندییەكان رەت دەكاتەوە

:: AM:11:05:26/04/2017 ‌

شەیما عەبدولعاتی، خوشكی ئیمان قەڵەوترین كچی دنیا، گوتەی پزیشكە هیندییەكان رەت دەكاتەوە، كە دەڵێن ئیمان نیوەی كێشی لە دەست داوە.

شەیما، ئەو پزیشكانە رەت دەكاتەوە كە سەرپەرشتیی نەشتەرگەری و چارەسەری ئیمانیان گرتووەتە ئەستۆ، بەر لە چەند رۆژێك پزیشكی سەرپەرشتاری نەشتەرگەرییەكە، رایگەیاند ئیمان پێش نەشتەرگەرییەكە كێشی 500 كیلۆ گرام بووە، بەڵام دوای نەشتەرگەری و بەكارهێنانی چارەسەری، ئێستە كێشی 250 كیلۆ گرامە.

شەیما ئەو گوتانە رەت دەكاتەوە و دەڵێ نە پێش و نە دوای نەشتەرگەری، ئیمانی نەكێشاوە. دەشڵێ ئیمان لە بارێكی تەندروستیی خراپدایە و تووشی جەڵتەی مێشك بووە.

شەیما گرتەیەكی ڤیدیۆیی ئیمانی خوشكی بڵاو كردووەتەوە و دەڵێ هێشتا خوشكەكەی ناتوانێت بدوێ و جووڵەیشی نییە، ئەو كێشەیشی كەم نەكردووە كە پزیشكەكان بانگەشەی بۆ دەكەن، دەبێ بۆ ئەو گوتانەیان بەڵگەی سەلمێنەریان هەبێت.




وشە - مامه‌یاره‌ ئه‌حمه‌د