پێشمەرگە و ئەمەریكا ڕێ له‌ پرۆژه‌كه‌ی ئێران ده‌گرن

:: PM:01:23:26/04/2017 ‌


چەند كۆگەیەكی كۆنی هەڵگرتنی گەنم لە سەر سنووری سووریا و لە شارەدێی ڕەبیعە لە دیوی عێراقەوە بوونەتە سەربازگەی تۆكمە و هێزی هاوبەشی و هێزی پێشمەرگە لێی بڵاوبوونەوە، ئەو هێزانەی پێشمەرگە بە چڕی لەلایەن ئەمەریكییەكانەوە مەشقیان پێ كراوە و ئێستەش بە تەواوی سنووری نێوان مووسڵ و پارێزگای حەسەكەی سووریایان داخستووە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەكانی ئەمەریكایە بۆ ڕێگری لە پاوانخوازییەكانی ئێران لە عێراق.

ئەو پێشمەرگانەی لەگەڵ هێزە هاوبەشەكەی ئەمەریكا لە سنوورەكان بڵاوەیان پێكراوە، لە كۆلێژی سەربازی زاخۆ و قەڵاچۆڵان بۆ ماوەی دوو ساڵ مەشقیان پێ كراوە، گرتنی سنوورەكانیش هەنگاوێكە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پرۆژەی فرەوانخوازی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوان سنووری نێوان مووسڵ و حەسەكەیان بە درێژایی 70 كیلۆمەتر بە تەواوی داخستووە و ئێستە ئەو سنوورانە بە تەواوی لە ژێر دەستی پێشمەرگەن.

سەرچاوەكان لە هێزی پێشمەرگە ئاشكرایان كرد، ئێستە سنوور بە تەواوی داخراوە و لەژێر كۆنتڕۆڵی ئێمەدا، ئەو هەنگاوەش سەرەتایەكە بۆ داخستنی ڕێگەی نێوان تاران- دیمەشق، كە بە نێو عێراق تێپەڕ دەبێ و ئێران دەیەویست بە بڵاوەپێكردنی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی ئەو سنوورانە كۆنتڕۆڵ بكات.
ئەو سەرچاوەیە هێمای بۆ ئەوەش كردووە، پرۆژەی ڕێگەی تاران – دیمەشق بە حەسەكە تێپەڕ دەبێ و لە حەسكەش هێزە كوردییەكانی نزیك لە ئێران و ڕژێمی بەشار ئەسەد هەن، بەڵام بە داخستنی سنووری عێراق و سووریا، ئەوان وەك مردوویەكی سەر جێگەیان لێ دێ، چونكە ئەمەریكا لە ئاسمانەوە بە وردی چاودێری سنوورەكان دەكات و لەسەر زەویشی بەردەوام مەفرەزە و هێزی زۆر بڵاوەیان پێكراوە لە رەبیعەوە تا شارەدێی بارە لە سەرووی شارۆكەی شەنگال، كە دەكەوێتە بەرامبەر شارەدێی ئەلهولی پارێزگای حەسەكە، كۆی ئەو ناوچەیە درێژییەكەی 70 كیلۆمەتر دەبێت.

مەفرەزەكان و دەوریاتی پێشمەرگە و هێزەكانی ئەمەریكا بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و بە درێژایی هێلی سنوور بڵاوكراونەتەوە و ئێستە دروستكردنی قولەی چاودێری و بنكەی سەربازی و لێدانی خەندەق تەواو بووە و ئەمەش بە تەواوی بووەتە هۆی پەكخستنی ڕێگەی نێوان عێراق و سووریا، ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێت، هەرچەند میلیشیاكانی سەر بە ئێران گەیشتنە تەلەعفەر و ڕۆژئاوای مووسڵ، بەڵام ناتوانن بگەن بە سووریا و پارێزگای حەسەكە بەهۆی بوونی هێزی ئەمەریكا و پێشمەرگە.

ئێران ئەو ڕێگەیە وەك شادەماری هاریكاری ڕژێمی ئەسەد دەبینی، بۆیە گرنگی زۆری هەیە و پاسداران لە عێراق لە ڕێی میلیشیاكانەوە لە شارەدێی قەسری شیرینی سنووری نێوان عێراق و ئێران لە پارێزگای دیالەوە بە شارۆكەی كفری و كەلار و دووخورماتوو و زنجیرە چیای حەمرین دەڕوات تا دەگاتە ناوچەی تلوول باجی پارێزگای نەینەوا، دواتر بۆ ناوچەجەی حەزەر و عەین شەمسی باكوری ڕۆژئاوای تەلەعفەر دەڕوا و لەوێوە 60 كیلۆمەتر دەمێنێ بۆ گەیشتنە نزیكترین شارەدێی نێو خاكی سووریا. درێژایی ئەو ڕێگەیە 380 كیلۆمەتر دەبێ و بە پێنج سەعات دەتوانرێ بە ئۆتۆمبێل بگەیت بە كۆتایی ڕێگەكە، ئەمە بە بەراورد بە ڕێگەی دیالە تكریت، فەلووجە، ئەنبار كورتترین ڕێگەیە، چونكە ڕێگەی ئەنبار درێژییەكەی 523 كیلۆمەتر دەبێ و حەوت سەعات زیاتر ڕێگەبڕینی ئۆتۆمبێلی پێویستە بۆ گەیشتنە سنووری سووریا.

ئێستە تەنیا 80 كیلۆمەتری سنووری نێوان سووریا و عێراق ماوە كە ناوچەی بەعاج دەگرێتەوە و لە دەست تیرۆریستانی داعش و لە دیوی سووریاش پارێزگای دێرزوورە كە ئەم ناوچەیەش لە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعشە.

عەقید سەعید سنجاری ئەفسەر لە هێزی پێشمەرگە دەڵێ، ناوچەی بەعاج و سنوورەكەی خاڵێكی ڕەشە و لە ناوچەكە ماوەتەوە، لەلایەكەوە تیرۆریستان و لەلایەكی تریشەوە هۆزە عەرەبییەكان نیشتەجێن، ئێران نایەوێ میلیشیاكانی بخاتە ئەو شوێنە مەترسیدارەوە و ئەمەریكاش بەهاوكاری پێشمەرگە بە شێوەیەكی پلە بە پلە هۆزە عەرەبییە سوننییەكانی ناوچەكە دەخاتە ژێر ڕكێفی خۆی.
هەروەها گوتی، ئەم كارە ڕێگە لە پەكەكەش دەگرێ لە نزیك ناوچە سنوورییەكان بمێنێ و سنوورەكان بە كراوەیی بهێلێتەوە.

لەلایەكی ترەوە، حەمە ئەمین سەركردە لە هاوپەیمانی نیشتمانیی كوردستانی دەڵێ، هیچ كەسێك ناتوانێ بە سنووری عێراق بچێتە حەسەكە ئەگەر بە نێو هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی ئەمەریكا دا نەڕوات و ڕەزامەندی ئەوانی پێ نەبێت.

لەلایەكی ترەوە، د.عەبدولحەكیم خەسرۆ پسپۆر لە زانكۆی سەلاحەدین گوتی، سنووری نێوان عێراق و سووریا ئێستە بووەتە دۆسیەیەكی نێودەوڵەتی، بەهۆی مەترسیداربوونی، چونكە ستراتیجیەتی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و پەكەكەیە بۆ گەیشتنە شەنگال و چوونیان بۆ سووریا بۆ هاوكاری ئێران كە بەردەوام پرۆژەكە جەختی لەسەر دەكرێتەوە، بەڵام پێشمەرگە و هێزەكانی ئەمەریكا بەسەر ناوچە سنوورییەكان زاڵن و تەنیا ناوچەی بەعاج ماوە، باشترە دۆخی سنوورەكان بخرێتە ژێر چاودێری نێودەوڵەتی، ئەمە چارەسەرێكی زۆر گونجاوە تا هیچ لایەك نەتوانێ وەك كارتێك بۆ لاگیری كردنی بەشێك لەلایەنە ناكۆكەكانی نێو سووریا بەكاری بهێنێت.






وشە - باز ئه‌حمه‌د