لیژنەکانی تەندروستی پشکنینی کەمئەندامانیان دوا خستووە

:: PM:01:54:26/04/2017 ‌

تا ئێستا لیژنەكانی پزیشكی تایبەتمەند بە پشكنینی ڕادەی كەمئەندامی كارەكانی خۆیان تەواو نەكردووە بۆ دەستكاری كردنی كۆتایی موچەی كەمئەندامان و دیاری كردنی كەمئەندامی ڕاستەقینە، بەڕێوەبەری گشتی دیوانیش لە وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی دەڵێ ئێستا لیژنەكان دەستیان بەکار كردۆتەوە و كەمئەندامی سەنتەری شارەكان تەواو بووە .

ئەمڕۆ چوارشەم 26ی نیسان/ئەپریل، نەرمین ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەهۆی ناڕەزایی پزیشكانی ناو لیژنەكان لە وەرنەگرتنی پاداشت، پشكنینی كەمئەندامان زۆر دوا كەوتووە و ئێمەش لەوە نیگەرانین  و وەزارەتی تەندروستیمان ئاگادار كردۆتەوە بەهۆی تەواو نەبوونی پشكنینی كەمئەندامانەوە دەستكاری مووچەی كەمئەندامان دوا كەوتووە .

زیاتر روونی دەکاتەوە، ئێستا وەزارەتی تەندروستی ڕەزامەندی پیشان داوە لەسەر خەرج كردنی پاداشت بۆ پزیشكان و لیژنەكانی پشكنینی كەمئەندامان دەستییان بە کار كردۆتەوە و سەنتەری شارەكان تەواو بووە، ئێستا خەریكی قەزاو ناحیەكانین و چەند ڕۆژێكە كۆیەش تەواو بووە .

"ناتوانین هیچ ئامارێك ڕابگەیەنین تا لیژنەكان كاری خۆیان تەواو دەكەن و بە ڕاپۆتێكی پزیشكی تایبەت دەیدەن بە ئێمە  ئەو كات لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی دا تەواوی تۆماری كەمئەندامان لە شار و شارۆچكەكان دەخەینە ڕوو  كە بەشێكی زۆری كەمئەندامان لەو لیژنەیە دەرنەچوون  و مووچەكەش وەكو جارانی لێ‌ دێتەوە بەجۆرێك ئەو كەمئەندامانەی كە فەرمانبەری حكومی نین موچەكانیان دەبێتە 150 هەزار دینار ئەوانەشی كە فەرمانبەرن دەبێتە 100 هەزار دینار" بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی وای گوت.

زوڵفا مەحموود، سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "وشە" روونی دەکاتەوە،بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی کردومن، كەمئەندامی كۆن هەمووی تەواو بووە لە لیژنەكانی پشكنین دا ئەوەی ئێستا ماوەتەوە كەمئەندامی تازەن لە شارەكاندا كە تازە دامەرزاون و پشكنین بۆ ڕادەی كەمئەندامیان دەكرێت كە زۆربەیان كەمئەندامی شەڕی داعشن لە پێشمەرگە و هاوڵاتی مەدەنی.

دووپاتی دەکاتەوە، ژمارەی كەمئەندامان یەكجار زۆرە بۆیە پڕۆسەكە تا ئێستا تەواو نەبووە، بەڵام ئێستا لیژنەكانی پزیشكی بە پلانێكی  تۆكمەوە كار بۆ پشكنینەكە دەكەن و ڕادەی كەمئەندامیەكە دیاری دەكەن بۆ وەزارەتی كار بۆ ئەوەی تۆمارێكی ڕاستی لە ناوی كەمئەندامان دیاری بكرێت بۆ وەرگرتنی مووچە.

هەولێر/هێمن ڕەفیق



وشە - هیدایه‌ت جان