لیژنەی دارایی گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچەی پەسند کرد


بەمەبەستی دەستكاری كردنی پڕۆژەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر تایبەت بە دانەوەی پاشەكەوتی مووچە ئەمرۆ لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە زیادكردن و تێبینی زیاتر جارێكی تر پڕۆژەكە ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەن دەكاتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم26ی نیسان/ئەپریل خانزاد یوسف، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لیژنەی دارایی ئەنجوومەن كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە پڕۆژە یاسای دانەوەی قەرزی هاووڵاتیان لەلایەن حكوومەتەوە ئەنجام دا.

زیاتر روونی دەکاتەوە، لیژنەكەمان كۆمەڵێك ڕێنمایی و ڕوونكردنەوەی لەسەر پڕۆژەكە ئامادەكردووە و وەك وەڵامێك دەبێت لەسەر ئەو كەموكوڕییانەی باس كرابوون لەو پڕۆژەیە.

دووپاتی دەکاتەوە، لیژنەكەمان ئەمڕۆ ڕێنمایی ڕوونكردنەوەكانی پەسەند كردو لە دوو رۆژی داهاتوو ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی دەكەین بۆ ئەوەی بیخاتە بەرنامەی كار و دانیشتنەكان.

بڕیارە لە هەفتەی داهاتوو دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بەڕێوە بچێت و چەند پرسێك بخاتە ناو گفتوگۆكانی كە یەكێكیان پڕۆژەی دانەوەی قەرزی هاووڵاتیانە.

سەرەتای ئەمساڵ ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر پڕۆژە یاسایەكی خستە روو و ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد، دواتر هەریەكە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و دهۆك و پارێزگاری هەڵەبجە پشتیوانی خۆیان لەو پڕۆژەیە دەربڕی.



وشە - رامیار جەواد


PM:03:20:26/04/2017




ئه‌م بابه‌ته 28879 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌