ئەندامێكی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، ئەگەر داوا لە كۆمسیۆن بكرێت لەمساڵدا دەتوانن ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بكەن.
ئەمڕۆ چوارشەم 26ی نیسان/ئەپریل د.جووتیار عادل ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێکدا بۆ "وشە" رای گەیاند، تائێستە بەفەرمی داوای ئامادەكارییان بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم لە كوردستان لێ نەكراوە و هیچ نوسراوێكی فەرمیان بەدەست نەگەیشتووە.
زیاتر روونی دەکاتەوە، بڕیاری ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ئەنجوومەنی كۆمسیۆن بڕیاری لەسەر دەدرێت، بەڵام ئەگەر داوایان لێ بكرێت دەتوانن لەمساڵدا ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بكەن و ریفراندۆم ئەنجام بدەن.
د.جووتیار عادل ئاماژەی دا، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانیش لە هەرێمی كوردستان هیچ داواكارییەكیان بەدەست نەگەیشتووە و ئەگەر ئەمساڵ هەڵبژاردن بكرێت، پێویستە داواكارییان بۆ بەرز بكرێتەوە.
لێدوانەكەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە كە بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی حزبە سیاسییەكان بێت لەمساڵدا ریفراندۆم لەهەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت.