لە كوردستان پلە تایبەت هەیە فەرمانی دامەزراندنی نییە
وردبینی دۆسیەی پلە تایبەتەكانی كوردستان ئاشكرا دەكرێت

:: PM:03:41:26/04/2017 ‌
دەستەی دەستپاكی كوردستان، زانیاری لەسەر وردبینی و دۆسیەی فەرمانبەرانی پلەباڵا و ڕاوێژكار و پلە تایبەت ڕەوانەی سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان دەكات و راپۆرتەكە بە وردەكاری و ناوی ئەو دەزگە حكوومییانەی وردبینی تێدا كراوە، "وشە" بڵاوی دەكاتەوە.

لە راپۆرتەكەی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، بەپێی مادەی پێنج بڕگەی 15 لە یاسایی دەستەی دەستپاكی ژمارە سێی ساڵی 2011ی هەمواركراو، لە دەسەڵاتی دەستەكەدایە بەدواداچوون بۆ ئەو بڕیار و فەرمانانە بكات كە لە فەرمانگەكاندا كراون بە دۆسیەی "وردبینی تێدا بكرێت" و دواتر تەواوی دۆسیەكان لەگەڵ یاسای دامەزراوەكە بەراورد كراوە.

دەستەی دەستپاكی ئاماژەی داوە، لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، شەش راوێژكار، شەش بەڕێوەبەری گشتی و 12 پلەی تایبەت هەن، دوو لە دۆسیەكان هیچ بەرایییەكیان تێدا نییە و 11 دۆسیەی تریش فەرمانی چەسپاندنی تەمەنی تێدا نییە و لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن یەك راوێژكار و حەوت بەڕێوەبەری گشتی و هەشت پلەی تایبەت هەن و شەش دۆسیەی كەموكوڕی چەسپاندنی تەمەنی تێدایە.

لە بەشێكی تری راپۆرتی وردبینی دەستەی دەستپاكی كوردستاندا هاتووە "لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی كوردستان، سێ‌ راوێژكار و 13 بەڕێوەبەری گشتی و 18 پلەی تایبەت هەن، پێنج دۆسیە بڕوانامەی تیادا نییە و 11 دۆسیە فەرمانی چەسپاندنی تەمەنیان نییە، هاوكات لە وەزارەتی كارەبا چوار ڕاوێژكار و شەش بەڕێوەبەری گشتی و 10 پلە تایبەت هەن و هەشت دۆسیە فەرمانی چەسپاندنی تەمەنیان نییە".

"لە وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی چوار ڕاوێژكار و هەشت بەڕێوەبەری گشتی و 16 پلە تایبەت هەن، یەك دۆسیە بڕوانامەی تێدا نییە و پێنج دۆسیەی تر چەسپاندنی تەمەنی نییە. هاوكات لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان دوو ڕاوێژكار و شەش بەڕێوەبەری گشتی و هەشت پلە تایبەت هەن كە چوار دۆسیە چەسپاندنی تەمەنی نییە و یەك دۆسیەش لە دادگا بووە" لە راپۆرتەكەدا هاتووە.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری كوردستان، چوار ڕاوێژكار و نۆ بەڕێوەبەری گشتی و 14 پلەی تایبەت هەن، لەوانە دوو دۆسیە بڕوانامەیان نییە و سێ‌ دۆسیەی تر فەرمانی چەسپاندنی تەمەنیان نییە. هاوكات لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان چوار راوێژكار و 11 بەڕێوەبەری گشتی و 21 پلە تایبەت هەن و شەش دۆسیە لەوانە بڕوانامەیان نییە و 21 دۆسیەش چەسپاندنی تەمەنی تێدا نییە.

لە وەزارەتی دارایی سێ‌ راوێژكار و دوو بەڕێوەبەری گشتی و پێنج پلەی تایبەت هەن و یەك دۆسیە بڕوانامەی تێدا نییە و دوو دۆسیە فەرمانی چەسپاندنی تێدا نییە. لە وەزارەتی داد دوو راوێژكار هەن و یەك بەڕێوەبەری گشتی و سێ‌ پلەی تایبەت، بەڵام سێ‌ لەوانە چەسپاندنی تەمەنی تێدا نییە. لە وەزارەتی تەندروستی چوار ڕاوێژكار و حەوت بەڕێوەبەری گشتی و 13 پلە تایبەت هەن و پێنج دۆسیە بڕوانامەی نییە و شەش دۆسیە چەسپاندنی تەمەنی نییە.

لە راپۆرتی وردبینی دۆسیەی فەرمانگەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا ئاماژە بەوە دراوە كە لە وەزارەتی پەروەردەدا شەش راوێژكار و 14 بەڕێوەبەری گشتی و 20 پلە تایبەت هەن، 19 گشتێنراو و یەك دیپلۆم هەیە و یەك دۆسیە بڕوانامەی نییە و حەوت دۆسیە چەسپاندنی تەمەنی نییە. لە وەزارەتی پلاندانان سێ‌ راوێژكار و پێنج بەڕێوەبەری گشتی و هەشت پلە تایبەت و هەشت گشتێنراو هەن، سێ‌ دۆسیە چەسپاندنی تەمەنی نییە و سێ‌ دۆسیە هیچ بەرایییەكی نییە. لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی شەش راوێژكار و حەوت بەڕێوەبەری گشتی و 14 پلەی تایبەت و 12 گشتێنراو (معوم) هەن و دوو دۆسیە بڕوانامەی تێدا نییە و چوار دۆسیە فەرمانی چەسپاندن و یەك دۆسیە فەرمانی بوون بە پلەی تایبەتی نییە.

 لە دەستەی وەبەرهێنان، شەش بەڕێوەبەری گشتی و حەوت پلەی تایبەت هەن كە یەك دۆسیە بڕوانامەی نییە و پێنج دۆسیە فەرمانی چەسپاندنی تەمەنی نییە. لە دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی كوردستانیشدا، سێ‌ راوێژكار و سێ‌ پلە تایبەت وردبینی تێدا كراوە كە دوو دۆسیە بڕوانامەی نییە و دوو دۆسیە فەرمانی چەسپاندنی تەمەن، لە دەستەی گەشتوگوزار پێنج بەڕێوەبەری گشتی و حەوت پلەی تایبەت هەن و پێنج كەس فەرمانی چەسپاندنی تەمەنی نییە و یەك كەس فەرمانی دامەزراندنی نییە و یەك كەسی تر فەرمانی بوون بە پلەی تایبەتی نییە. لە دەزگەی مین شەش بەڕێوەبەری گشتی و شەش راوێژكار وردبینی تێدا كراوە و یەك دۆسیە بڕوانامەی تێدا نییە و چوار دۆسیە فەرمانی چەسپاندنی تەمەنی نییە.

راپۆرتەكەی دەستەی دەستپاكی وردبینی لە چەند پۆستێكی دیوانی چاودێری دارایی كوردستان لە هەولێر كردووە و شوێنەكانی تر زانیارییان نەداوە كە یەك راوێژكار و دوو بەڕێوەبەری گشتی و سێ‌ پلەی تایبەت دەگرێتەوە، دوو لەوانە فەرمانی چەسپاندنی تەمەنی نییە و كۆی گشتی ئەو پۆستانەی لە سەرجەم دامەزراوەكانی كوردستان وربینی لە دۆسیەكانیان كراوە، 64 راوێژكار و 130 بەڕێوەبەری گشتی و 214 پلەی تایبەت و 20 (معوم)ن.

بەپێی راپۆرتەكە، ئێستە وردبینی لە پەرلەمان و سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی دادوەری و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەكرێت.

هاوكات لە بەشێكی تری راپۆرتەكەدا ئاماژە بەكەموكوڕییەكان كراوە و راگەیەنراوە، فەرمانی یەكەم دامەزراندن لە دۆسیەكاندا نییە و زۆربەی بڕوانامەكان لە دۆسیەكاندا كۆپییە و پەسند نەكراون و پشتگیری دەرچوونیش كۆپی كراوە.
هاوكات بەپێی راپۆرتەكە، هەندێك لەوانەی پلەی تایبەتیان وەرگرتووە، فەرمانی بوون بە پلەی تایبەتیان نییە و هەندێك لە پلە تایبەتەكان دەرچووی كۆلێژ نین.



وشە - تایبه‌ت