هێرش كراوەتە سەر كۆلێژی ئەكادیمی پۆلیس لە شاری كوەیتەی پاكستان و ١٨٠ بریندار و كوژراوی لێ كەوتووەتەوە. دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش بەرپرسیارییەتی هێرشەكەی لە ئەستۆ گرتووە.
بەگوتەی پۆلیسی پاكستان لە ویلایەتی بەلووچستان، سێ چەكدار لە هێرشێكی خوێناوییبۆ سەر كۆلێژی پۆلیس ٦٠ كەسیان كوشتووە و ١٢٠ كەسی تریان بریندار كردووە، دواتر سێ چەكدارەكە لە لایەن پۆلیسەوە كوژراون. هێرش و ئاڵۆزییەكە چەندان سەعاتی خایاندووە و ئەمڕۆ سەرلەبەیانی كۆتای پێ هاتووە.
كۆلێژەكە كەوتووەتە نزیك سنووری پاكستان لەگەڵ ئەفغانستان و كاتێك چەكدارەكان هێرشیان كردووە، نزیكەی ٧٠٠ قوتابی لە كۆلێژەكە بوون. سەرەتا ئەوان ژمارەیەك قوتابییان بە بارمتە گرتووە و دواتر لە نێو كۆلێژەكە دەستیان بە تەقە كردووە.
داعش بەرپرسیارییەتی ئەو هێرشەی لە ئەستۆ گرتووە و چەكدارێكی رێكخراوەكە پێوەندی بە یەكێك لە رۆژنامە بەناوبانگەكان كردووە و هەڕەشەی ئەوەشی كردووە كە هێرشەكانیان بەردەوام دەبێت.
پێشتر سوپای پاكستان باسی لەوە كردبوو كە چەكدارەكان فەرمانیان لە ناوخۆی ئەفغانستانەوە وەرگرتووە و پێوەندییان بە "لەشكری جەهەنگوی" هەبووە. ئەو گرووپە تیرۆریستییە شوێنی چالاكییەكانیان زیاتر لە پاكستانە و لە ئەفغانستانیش چالاكییان هەیە.
ویلایەتی بەلووچستانی پاكستان بە گەورەترین و ناسەقامگیرترین لەروونی دۆخی تەناهی و لە هەمان كاتدا هەژارترین ویلایەتی پاكستان هەژمار دەكرێت. هەڵبەت لەو ویلایەتە ژمارەیەك گرووپ هەن كە دەیانەوێت مافەكانی گەلی بەلووچ دەستەبەر بكەن، هاوكات ویلایەتەكە بووەتە مۆڵگەی تاڵیبان و هەندێك رێكخراوی تیرۆریستی تر.
سەرچاوە/دۆیچەوێلێ