یەكەمی پەروەردەكانی هەرێم خەڵات دەكرێن

:: PM:03:53:26/04/2017 ‌
هەڵبژاردەی پەروەردەی كەركووك بۆ فوتساڵی كچان، كە پاڵەوانێتیی خولی پەروەردەكانی هەرێمیان بەدەستهێنا و كوڕانیش پلەی دووهەمی هەمان خولی كوڕانیان هێناوە، لە ئاهەنگێكدا لەلایەن بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی خەڵات كران و قەڵغانی وەرزشییان پێ بەخشرا.

ئەمڕۆ چوارشەم 26ی نیسان/ ئەپرێل شێرزاد ڕەشید كاكە، بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی کەرکووک یاریزانانی هەڵبژاردەی كچان و كوڕانی پەروەردەی كەركووكی لە هۆڵی لێژنەی ئۆلۆمپیی عێراق خەڵات كرد كە لە كچاندا پلەی یەكەمی خولی پەروەردەكانی هەرێمیان بەدەست هێنا لە یاریی فوتساڵی هۆڵە داخراوەكان و پلەی دووەمی كوڕانیشلە هەمان خول.

ڕەشید كاكە لە وتەیەكدا بە یاریزانانی گوت، سوپاسی ئەو كەس و لایەنانە دەكەم كە هاوكار بوونە لە بەدەستهێنانی ئەم پلە بەرزە و دەستخۆشی لەو مامۆستایانەش دەكەم كە وێڕای تەنگژەی دارایی و كەمیی مووچەكانیان، هۆڵەكانی خوێندنیان بەجێ نەهێشت و لەگەڵ قوتابییەكانیاندا مانەوە و بێجگە لە وانە گوتنەوە، مەشق و ڕاهێنانی وەرزشی و هونەریشیان بە قوتابیان دەكرد، تا گەیشتە ئەو ئاستەی قوتابییەكی خوێندنی كوردی لە كەركووك پلەی یەكەم لە هونەری وێنەكێشان بەدەست بێنێ لەسەر ئاستی هەموو پەروەردەكانی عێراق و ئەمڕۆش ئێوەی پاڵەوان سەری ئێمەتان بەرزكردەوە بە سەركەوتنتان لە یاریی كۆتایی و بەدەست هێنانی جامی پاڵەوانێتییەكە.هەروەها  كوڕانی شلە هەمان خولدا گەیشتنە یاریی كۆتایی و پلەی دووەمیان بەدەست هێنا.

تەحسین محەمەد بەرپرسی یەكەی چالاكیی وەرزشی لە لێدوانێکدا بە "وشە"ی ڕاگەیاند، مامۆستایانی وەرزش لە خوێندنی كوردی لە كەركووك كە ئەركی ڕاهێنانی قوتابیانیان لە ئەستۆ گرتبوو، ئەرك و ماندووبوونێكی زۆریان كێشا و هەڵبژاردەكانی كوڕان و كچانیان بەم ئەنجامە گەیاند، كە مایەی خۆشحاڵیمانە و هەست دەكەین لە كاروانی زانست و وەرزشدا دوا نەكەوتووین و خۆمان گەیاندووتە پێشەنگی پەروەردەكانی هەرێم. 

زیاتر روونی دەکاتەوە، هیوادارم وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمیش لە ڕێوڕەسمێكدا كۆیان بكاتەوە و خەڵات و دیاریی وەزارەتیان پێ ببەخشێت ئەگەر شتێكی ڕەمزیش بێت، چونكە بەم كارەی جەنابی وەزیر یاریزانانمان زیاتر هان دەدرێن و بۆ خولەكانی داهاتوو بە گوڕ و تینێكی زیاترەوە دێنە پێش.

ئەمڕۆ بە سەرپەرشتیی فەرحان حوسێن بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی كەركووك و بە بەشداریی 59 باخچەی منداڵان و 585 قوتابخانەی هەرسێ قۆناغەكەی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی، پیشانگەی هۆیەكانی فێركردن كرایەوە و نوێترین هۆیەكانی فێركردنی تێدا نمایش كرابوو.

كەركووك/نەبەز ڕۆستەم











وشە - هیدایه‌ت جان