مەترسی دروستبوونی گرفتی ئاو لە سلێمانی هەیە

:: PM:04:33:26/04/2017 ‌

بەرێوەبەری گشتی ئاو ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، هەوڵ دەدەن لەهاوینی ئەمساڵدا كێشەی ئاو لە سلێمانی چارەسەر بكەن و لەئێستەشدا لە هەوڵی چارەسەر کردنی كێشەكاندان.

ئەمڕۆ چوارشەم 26ی نیسان/ئەپریل مەسعوود كاڕەش بەرێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆكانی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، لە ساڵانی پێشوو بەتایبەت لەوەرزی هاویندا شاری سلێمانی رووبەڕووی كێشەی كەم ئاوی دەبوویەوە، بەڵام لەمساڵدا هەوڵ دەدەین سەرجەمی ئەو كێشانە چارەسەر بكەین.

زیاتر روونی دەکاتەوە، كۆمەڵێك گرفت لە سیستەمی دابەشكردنی ئاوی ماڵاندا لە سلێمانی هەیە و لە قۆناغی یەكەمدا ژمارەیەك لەو گرفتانە چارەسەر كراون.

بەرێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان دووپاتی دەکاتەوە، ئەگەر تەواوی ئەو گرفتانە لە قۆناغی دووهەمدا چارەسەر نەكرێن، ئەوە جارێكی تر لە وەرزی هاوین كێشەی كەم ئاوی لەو پارێزگایە دروست دەبێتەوە.

ساڵانە لەوەرزی هاویندا شاری سلێمانی رووبەرووی گرفتی كەمی ئاو دەبێتەوە و زۆر جاریش بەهۆی پیسیی ئاوەكەوە نەخۆشی لەو شارەدا بڵاو دەبێتەوە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم