ماوه‌یه‌كه له نێو بازرگانی هه‌رێم و چەند دەزگایەکی میدیایی هەواڵی ئەوە بڵاو کراوەتەوە، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕیوه له‌سه‌ر هاورده‌كردنی چیمه‌نتۆی فه‌ل بۆ هه‌رێمی كوردستان و هەریەک لە جێگری سەرۆکوەزیرانی کوردستان و به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی گومرگ له وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری لەسەر ئەو هاواڵە هاتنە دەنگ.
له هەردوو روونکردنەوەکاندا ئەو ده‌نگۆیانه ڕه‌ت كراونه‌ته‌وه كه چیمه‌نتۆ بە فه‌رمی هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان كرابێت و بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ ئاماژەی داوە، دوابه‌دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌والێك له چه‌ند ناوه‌ندێكی ڕاگه‌یاندنه‌وه كه ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ڕه‌زامه‌ندی ده‌ربڕیوه بۆ هاورده‌كردنی "چیمه‌نتۆی فه‌ل" به مه‌رجێك ڕه‌وانه‌ی ناوچه‌كانی ناوه‌راست و خوارووی عێراق بكرێت، وه‌ك به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی گومرگ به هه‌موو لایه‌ك ڕاده‌گه‌ینین كه ئه‌م هه‌واڵه ناڕاسته و بڕیاری له‌وجۆره‌ش نه‌دراوه.
زیاتر روون کراوەتەوە، دووپاتیش ده‌كه‌ینه‌وه كه حكومه‌تی هه‌رێم سووره له‌سه‌ر قه‌ده‌غه كردنی چیمه‌نتۆی فه‌ل و ئێمه‌ش وه‌كو به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی گومرگ پاپه‌ندین به بریاری قه‌ده‌غه كردنیه‌وه.
نووسینگەی رۆژنامەوانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی کوردستان لە روونگردنەوەیەکدا ئاماژەی داوە، ئه‌و هه‌واڵه سه‌رله‌باری دووره له ڕاستیه‌وه" و به هیچ شێوه‌یه‌ك به‌ڵێنی له‌و جۆره نه‌دراوه، دووپاتیشی ده‌كه‌ینه‌وه كه حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌نده له‌سه‌ر قه‌ده‌غه كردنی هاورده كردنی "چیمه‌نتۆی فه‌ل" له مه‌رزه سنوریه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.