دوێنێ سێشه‌م فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا بۆردمانی بنكه‌كانی په‌كه‌كه له‌سه‌ر چیای شنگال و شارۆكه‌ی دێركی ڕۆژئاوای كوردستان كرد. به‌ڵام پێنج پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی شه‌هید كرد و نۆیش بریندار بوون. به‌رپرسێكی په‌كه‌كه دووپاتی ده‌كاته‌وه كه پێشوه‌خت ئاگه‌داربوون بۆردمان ده‌كرێن، بۆیه باره‌گه‌كانیان چۆڵ كردووه. ئه‌م زانیارییه گوماناوییه كه له نێون توركیا و په‌كه‌كه چۆن ئاڵوگۆڕ كراوه. فه‌رمانده‌یه‌كی پێشمه‌رگه ده‌ڵێ "ئه‌گه‌ری زۆره به‌غدا په‌كه‌كه‌ی ئاگه‌دار كردبێته‌وه".
په‌كه‌كه: پێشوه‌خت ئاگه‌دار بووین
هاوسه‌رۆكی پارتی ئازادی ئێزیدی له شنگال كه حزبێكی سه‌ربه په‌كه‌كه‌یه ئاشكرای ده‌كات كه ئه‌وان پێش ئه‌وه‌ی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا بۆردمانی چیای شنگال بكه‌ن، ئاگه‌دار بوون. عومه‌ر ساڵح بۆ "وشه" ڕای گه‌یاند "پێشوه‌خت ئاگه‌دار بووین بۆردمان ده‌كرێین بۆیه باره‌گه‌كانمان له‌سه‌ر چیای شنگال چۆڵ كرد و به‌وه‌یش كه‌مترین زیانمان هه‌بوو، ته‌نیا یه‌ك كه‌سمان كوژرا".
ساڵح جه‌ختی كرده‌وه، به‌هۆی ئاگه‌داربوونمان ته‌نیا زیانی مادیمان به‌ركه‌وت و چوار باره‌گه‌كه‌مان به ته‌واوی خاپوور كراون، به‌ڵام ئاماده نییه له‌باره‌ی ئه‌و شوێنه‌ی ئاگه‌داری كردوونه‌ته‌وه له بۆردمانه‌كه زانیاری نادات و گوتی "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌وه ئاشكرا ناكه‌ین".
به‌هۆی ئه‌و بۆردمانه‌وه كه ئامانج لێی په‌كه‌كه بوو، هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان زیانی گیانی به‌ركه‌وت و 14 قوربانی دا.
توركیا: به‌رده‌وام ده‌بین له بۆردمان
دوای بۆردمانه‌كه، سوپای توركیا له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ئاشكرای كرد، به‌هۆی چوونی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی له باكوری عێراق و سووریاوه بۆ ناو خاكی توركیا و ئه‌نجامدانی كرده‌ی توندوتیژی له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه له‌ناو توركیا، وه‌ك به‌شێك له پاراستنی ئاسایشی وڵات بۆردمانی "بنكه‌كانی په‌كه‌كه له شنگال و یه‌په‌گه له باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریامان كرد". دووپاتیشی ده‌كاته‌وه "له‌و هه‌ڵمه‌تانه به‌رده‌وام ده‌بین".
هاوكات كه‌ناڵی جه‌زیره و میدیاكانی دنیا بڵاویان كرده‌وه، كه چه‌ند ڕۆژێك به‌ر له ئێسته وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا مه‌ولود چاوشئۆغلۆ به چڕی له پێوه‌ندیدا بووه له‌گه‌ڵ ڕووسیا و عێراق، له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی هه‌ردوولا گفتوگۆی كردووه و ڕه‌زامه‌ندی ئه‌و دوو وڵاته‌ی وه‌رگرتووه له ئه‌نجامدانی ئه‌و بۆردمانانه له‌لایه‌ن فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیاوه.
په‌كه‌كه چۆن پێشوه‌خت ئاگه‌داری بۆردمانی فڕۆكه‌كانی توركیا بوو؟
میدیاكانی دنیا به ڕوونی ڕووماڵی بۆردمانه‌كه‌یان كرد و به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفره‌وان گواستیانه‌وه، ئه‌وه‌ی له‌و نێوه‌نده‌دا بووه‌ته پرسیارێك و تا ئێسته بێ وه‌ڵامه، چۆن هێزه‌كانی په‌كه‌كه له چیای شنگال پێش ئه‌نجامدانی بۆردمانی فڕۆكه جه‌نگییه‌كان له‌و بابه‌ته ئاگه‌دار بوون و زانیاری‌یان هه‌بوو و باره‌گه‌كه‌یان چۆڵ كردووه؟.
له ڕووی زانستی سه‌ربازییه‌وه كاتێك دو‌ژمنێك بیه‌وێ بۆردمانت بكات، هه‌رگیز به نه‌یاره‌كه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی ناڵێت كه فڕۆكه دێت بۆ بۆردمانكردنی، كه‌واته سه‌رچاوه‌ی په‌كه‌كه له زانینی ئه‌و زانیارییه چییه و چۆنه؟
سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ت له به‌غداوه، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، پاش ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق هاوئاهه‌نگی ته‌واویان كردووه و هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی بۆردمانه‌كه، كه‌سانی سه‌ربه نووری مالیكی و ئێران له‌ناو وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق زانیارییه‌كانیان دزه پێ كردووه و به په‌له پێوه‌ندیان به په‌كه‌كه كردووه و پێیان ڕاگه‌یاندوون كه فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا بۆردمانیان ده‌كه‌ن، به‌و هۆیه‌وه په‌كه‌كه به په‌له ده‌ستی به چۆڵكردنی باره‌گه‌كانی له چیای شنگال كردووه. بێ ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه ئاگادار بكاته‌وه تا زیانی پێ نه‌گات.
پێشتر نووری مالیكی پاره‌ی زۆری به په‌كه‌كه داوه و لیوایه‌كی حه‌شدی شه‌عبی له‌و سنووره بۆ په‌كه‌كه دروست كراوه و مانگانه پاره و چه‌كیان بۆ ڕه‌وانه ده‌كرێ، بۆیه به‌گوێره‌ی لێكدانه‌وه‌كان، هۆی مانه‌وه‌ی په‌كه‌كه له شنگال به پشتیوانی مالیكی و له ڕێی ئێرانه‌وه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی ئاڵۆزی بۆ باشووری كوردستان دروست بكات.
عه‌قید هه‌كار نهێلی فه‌رمانده له هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له شنگال، بۆ "وشه" گوتی، هێزی پێشمه‌رگه له نزیك ئه‌وان بوون و بۆردمان كران، سه‌یر و نامۆیه په‌كه‌كه پێشوه‌خت ئاگه‌دار بوون كه توركیا بۆردمانی ناوچه‌كه ده‌كات.
نهێلی دووپاتی كرده‌وه "ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی عێراق به‌ر له بۆردمانه‌كه له‌لایه‌ن توركیاوه ئاگه‌دار كرابێته‌وه، ئه‌وا بێگومان په‌كه‌كه هاوپه‌یمانی ستراتیجی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و مالیكین، ئه‌گه‌ری زۆره ئه‌وان ئاگه‌داریان كردبنه‌وه".
عه‌زیز شڕكانی به‌پرسی ینكه‌ی لالش /لقی هه‌ولێر/ به"وشه"ی راگه‌یاند "مانه‌وه‌ی په‌كه‌كه له شنگال بۆ به‌رژه‌وه‌ندی عێراق و ئێرانه و هه‌ر ئه‌و دوو وڵاته‌یش زانیاری‌یان پێداون كه باره‌گاكان چۆڵ بكه‌ن به‌ر له بۆردومانه‌كه".
ئاماژه‌ی دا "بۆردومانه‌كه چاوه‌ڕوانكراوه، چونكه پێشتر توركیا رای گه‌یاندبوو ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه شنگال چۆڵ نه‌كات له به‌هاردا لێی ده‌دا، هاوكات له رۆژانی رابردوو ئیداره و به‌رپرسانی ناوچه‌كه له نزیكه‌وه داوایان له په‌كه‌كه كرد له‌پێناو ژیانی ئێزدییه‌كان و خه‌ڵكی سڤیل كه زۆر قوربانی بوون له سێ ساڵی رابردوودا ناوچه‌كه چۆڵ بكه‌ن، به‌ڵام په‌كه‌كه گیانی خه‌ڵكی به‌لاوه گرنگ نییه".