سونەی عێراق: مزگەوتەكانمان دەگۆڕێن بۆ حوسێنییە

:: AM:10:15:08/10/2016 ‌
سونەكانی عێراق لە هەموو لایەكەوە دەناڵێنن، لایەك بە دەستی داعشەوە، لایەكی تریش لە ترسی خۆسەپاندنی ئێران بەسەر ناوچەكانیان لە رێی میلیشیاكانی شیعە و دەركردنیان و سووتاندنی ماڵەكانیان و تۆمەتباركردنیان بە پێوەندی هەبوون لەگەڵ داعش.

شێخ سەلاح تەها ئیمامی یەكێك لە مزگەوتە گەورەكانی شاری سامەڕای باكوری بەغدا دەڵێ، شارەكە وەكو خۆی لێ نایەتەوە، میلیشیاكانی شیعە بە تەواوی كۆنتڕۆڵیان كردووە و خەڵكەكەشی كۆچیان كردووە.

هەروەها گوتی، ئێستە سامەڕا شارێكی دابەشكراوە، دەوروبەرەكەی سونەی لێ نیشتەجێییە و سەنتەری شاریش بەتەواوی لە ژێر كۆنتڕۆڵی شیعەكاندایە و خەڵكی سونە ناوێرن بۆی بگەڕێنەوە.

ئەندامێكی ئەنجوومەنی شارەوانی سامەڕا گوتی، دەمانەوێ شارەكەمان شێوەی سەربازی پێوە نەمێنێ و چەكداران بەجێی بهێڵن.

پەیامنێری ئیكۆنۆمیست دەڵێ، كاتێك سەدام لەسەر حوكم لا درا، زۆربەی ئەفسەر و سەربازانی عێراق ڕەوانەی ماڵەوە كرانەوە و هیچ كارێكیان نەبوو بۆ دابینكردنی بڕە پارەیەك تا ژیانی خۆیانی پێ هەڵبسوورێنن، باس لەوەش دەكات كە بەر لە رووخانی سەدام هەموو شارەكان بە وێنەی سەدام و دروشمەكانی ئەو داپۆشرابوو، بەڵام ئێستە شارە سونییەكان بە ئایات و قسە و دروشمی شیعەكان داپۆشراوە و وێنەی ئایەتوڵاكان شارە سونەكانی تەنیوە.

ئێستە نزیكەی دوو ملیۆن و 500 هەزار سونەی عێراق لە ئاوارەییدا دەژین و زۆرینەی هەرە زۆریان لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێ كراون. سیاسییەكی سونە لە بەغدا دەڵێ، ئەمەریكییەكان پشتیوانی كورد دەكەن و شیعەكانیش ئێران لە پشتیانە لەو نێوەندەدا ئێمە هەتیو ماوینەتەوە.

سونەكانی عێراق ئێستە هاوشێوەی كوردەكان داوای هەرێمێك لە چوارچێوەی عێراق لە ناوچەكانیان دەكەن، شێخێكی سونەكانی عێراق لە هەمان كە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنێكی هۆزەكان دەكات و كە لە 70 هەزار پیاو پێك هاتوون.

عەلی سامر شێخی هۆزی محامدە لە فەلووجە دەڵێ، ئێمە هەموو كات بەرگریمان لە خاك و یەكێتیی عێراق كردووە، ئێستەش هیچمان ناوێ تەنیا هەرێمێك، ئەو شێخە دەڵێ لە هەولێر نموونەی گرنگ باسیان لێوە دەكرێ.

ئیكۆنۆمیست نووسیویەتی، بەرپرسانی كورد دەیانەوێ شێوازی ئێستەی عێراق بگۆڕن بۆ سێ ویلایەت و "ویلایەتە یەكگرتووەكانی عێراق" دابمەزرێننەوە، پشتیوانی دامەزراندنی ویلایەتێك یان هەرێمێك بۆ سونەكانیش دەكەن، كە ئوردن و سعوودیەش هەماهەنگن لەسەر ئەو بابەتە.

شێخێكی عەرەبە سونەكان گوتوویەتی، كە رۆژئاوا عێراقی ڕادەستی ئێران كرد، ئێستەش پێویستە ئەمەریكی و بەریتانیا بگەڕێنەوە و رزگارمان بكەن و پێویستمان بە هەرێمێكە لە ژێر پارێزبەندی ئەمەریكا بێت.

لە كۆتادا دەڵێ، كوژاندنەوەی ئاگری نێو شارە سونەكان ڕەنگە كارێكی قورس نەبێت، بەڵام گەڕانەوەی شارەكان بۆ خەڵكی ڕەسەنی خۆیان كارێكی قورسە و پێویستی بە هاوكێشە هەرێمییەكانەوە هەیە.

وشە/زە ئیكۆنۆمیست، و:باز ئەحمەد.


وشە - باز ئه‌حمه‌د