ئێران دەریاچەی دەربەندیخان و رووباری سیروان بەرەو وشكبوون دەبات

:: PM:07:53:26/04/2017 ‌
بەڕێوەبەری بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات كە بەهۆی دروستكردنی ژمارەیەكی زۆری بەنداو لە سنووری ئێران لەسەر رووباری سیروان و گۆڕینی رێڕەوەكەی، ئاوی ڕووبارەكە بەرەو وشكبوون دەچێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 26ی نیسان/ئەپریل ئەكرەم ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكان و كۆگەكانی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رای گەیاند، لە دیوی ئێرانەوە 17 بەنداو لەسەر رووباری سیروان دروست كراوە، جگە لەوەش ئاڕاستەی ئاوەكە گۆڕدراوە، بۆیە بەتەواوكردنی تونێڵی (نوسوت)یش بەیەكجاری ئاوی دەربەندیخان بەرەو وشكبوون دەچێت.

بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكان و كۆگەكانی هەرێمی كوردستان دەڵێت، پێویستە لە ئاستی باڵا گفتوگۆ لەگەڵ ئێراندا بكرێت بۆ ئەوەی ئاوی بەنداوەكەی دەربەندیخان وشك نەكات و ئەم ناوچەیەش رووبەڕووی كارەساتی ژینگەیی نەبێتەوە.

ئەو بەرپرسەی كوردستان دەڵێت، هەردوو حكومەتی ئێران و توركیا بەهیچ شێوەیەك گوێ لە داواكارییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقیش ناگرن، بەهۆی ئەوەی هیچ یاسایەكیش نییە رێگری لە گرتنەوەی ئاو بكات، هەربۆیە ناتوانرێت رێكاری پێویست بەرامبەر بەو دوو وڵاتە بگیرێتە بەر. 

دەریاچەی دەربەندیخان دووەمین گەورە دەریاچەی هەرێمی كوردستان و وەكو سەرچاوەیەكی گرنگی سروشتی بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا و كشتوكاڵكردن و راوەماسی و گەشتیاری سوودی لێ وەردەگیرێت.


وشە - رامیار جەواد