لە سعوودیە كچان ناچار كراون خۆیان رووت بكەنەوە

:: PM:12:00:27/04/2017 ‌
وەزارەتی كاری سعوودیە، لێكۆڵینەوە لەسەر رووداوێك دەكات كە تێیدا كچانیان ناچار كردووە خۆیان رووت بكەنەوە، تا بیانبپشكنن.

وەزارەتی كار و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی سعوودیە، بڵاوی كردەوە كه‌ لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو رووداوە دەكه‌ن كە خانمە فەرمانبەرێكی خانەی چاودێریی كچان لە ریاز ئاشكرای كردووە، كارگێڕیی ئەو فەرمانگەیە، كچانیان ناچار كردووە جلەكانیان بە تەواوی دابكه‌نن و رووت ببەنەوە تا بیانپشكنن.

ئەو خانمە فەرمانبەرەی پێشووی خانەی چاودێری كچان، لە بەرنامەی (یا هلا)ـی كەناڵی "رۆتانا خەلیج"ی، ئەوەی ئاشكرا كردووە كە "خانەكە ئەو كچانەیان ناچار كردووە كە دەچوونە لایان تا بە تەواوی خۆیان رووت بكەنەوە بە ئامانجی پشكنین".

هەروەها دەڵێ، دانپێدانانی تۆماركراوم هەیە كە كچان ناچار كراون جڵەو بۆ ئەو كارە شل بكەن.

وەزارەتی كار، ئاماژەی داوه‌ "لیژنەیەكی تایبەتمان بۆ لێكۆڵینەوە لەو پێشهاتە دروست كردووە و رێگه‌ بە هیچ سنووربەزاندنێك نادەین".

لای خۆیەوە دەستەی مافی مرۆڤی سعوودیە، رای ده‌گه‌یه‌نێ كه‌ ڕێكاری دەستووری لە بارەی ئەو پێشهاتەوە دەگرنە بەر.



وشە - مامه‌یاره‌ ئه‌حمه‌د