بەیانی ئەمڕۆ سێشەم لە شارەدێی قەرەتەپەی سەر بە شارۆكەی خانەقین تیرۆریستێكی خۆكوژ بەر لەوەی بگاتە ئامانجەكەی،هێرشی كرایە سەر و كوژرا.
بەرزان محەمەد ئەفسەر لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، سەعات 8:30 خولەكی بەیانی ئەمڕۆ سێشەم تیرۆریستێكی خۆكوژ بە نیازبوو لە بازاڕی شارەدێی قەرەتەپە خۆی بتەقێنێتەوە، بەڵام لەلایەن هێزەكانەوە پێی زانراو و تەقەی لێ كرا و كوژرا.
هەروەها گوتی، تیرۆریستەكە لە بازگەیەكی قەرەتەپە پێی زانراو و بە ئۆتۆمبێلە بۆمبرێژكراوەكەیەوە، بە توندی ڕووبەڕووی بوونەتەوە و توانیویانە بیكوژن.
لەلایەكی ترەوە رەحیم محمەد، سەرۆكی ئەنجوومەنی شارەوانی شارەدێی قەرەتەپە بۆ "وشە" گوتی، لەگەڵ دزەكردنی تیرۆریستان بۆ نێو كەركووك لەگەڵ لایەنە پێوەندارەكان كۆبووینەتەوە و رێوشوێنی تەناهی شارەدێكەمان بە تەواوی توند كردووە، بۆ ئەوەی تیرۆریستان نەتوانن زیان بە قەرەتەپە بگەیەنن.
گەرمیان/ سەبری هۆرینی.