توێژینەوەیەكی نوێی زانستی لە ئەمەریكا ئاشكرای دەكات كە ئەو خواردنەوە وزەبەخشانەی دەوڵەمەندن بە كافایین و شەكر زۆر مەترسیدارترن لە تەنیا مادەی كافایین و ئەوان باس لە چۆنیەتی كاركردنی ئەو جۆرە خواردنەوانە لەسەر دڵ دەكەن.
بەپێی ماڵپەڕی "دەیلی مێڵ"ی بەریتانیایی توێژینەوەیەكی ئەمەریكایی ئاشكرای كردووە كە خواردنی چوار قوتوو لە خواردنەوە وزەبەخشەكان بووەتە هۆی گۆڕانكاری نائاسایی لە پاڵەپەستۆی خوێن و لێدانی دڵ تەنیا لە ماوەی دوو سەعاتدا.
توێژەران گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە خواردنەوەی تەنیا لیترێك لە خواردنەوە وزەبەخشەكان بووەتە هۆی گۆڕانكاری گەورە لە كارەبایی دڵ و پاڵەپەستۆی خوێن، ئەوەش بەو هۆیەی كە ئەو بڕە 27 كەوچكی بچووك لە شەكر 320 ملیگرام لە كافایینی تیادایە، بێجگە لە مادەی تری وەك تۆرین و گینسینگ و كارنیتین.
توێژەران دەڵێن كە كاریگەری ئەو جۆرە خواردنەوانە بۆسەر دڵ زۆر گەورەتر بووە لە خواردنەوەی هەمان قەبارە لە خواردنەوەیەك كە تەنیا هەمان بڕ لە كافایینی تیادایە، توێژەران بۆیان دەركەوت كە خواردنەوە وزەبەخشەكان دەبێتە هۆی وەستانی دڵ بۆ ماوەی 10 میلی چركە لە نێوان لێدانەكانیدا، كە ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی نارێكی لێدانی دڵ كە هەڕەشەیە بۆسەر ژیانی مرۆڤ.
لای خۆیەوە دكتۆر ئیمیلی فلیتچەر لە سەنتەری پزیشكی هێزەكانی ئاسمانی ئەمەریكا لە ویلایەتی كالیفۆڕنیا رای گەیاند كە زیاتر لە 500 جۆر لە خواردنەوەی گازی هەیە لە بازاڕەكاندا كە زیانیان بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە.