"ئاوەدانكردنەوەی مووسڵ ئابووری كوردستان دەبووژێنێتەوە"

:: PM:02:07:28/04/2017 ‌

عێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی رووبەڕووی تەنگژەیەكی سەختی دارایی بوونەتەوە، بۆیە جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ و پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكان و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنی خۆیان بووەتە مایەی بووژانەوەی ئابووری هەرێمی كوردستان و لە داهاتووشدا كاریگەری زیاتریان دەبێت.

بەپێی قسەی بازرگانانی مووسڵ لە سەعاتەكانی یەكەمی گەڕانەوەی ئاوارەكانی ئەو شارە بۆ بەری چەپی شارەكە، جموجۆڵێكی فرەوانی بازرگانی دەستی پێ كردووە و مادەی خۆراك و پێویستییەكان بە لێشاو لە هەرێمی كوردستان و توركیاوە بەرەو شارەكە دێن، كە هاووڵاتییانی شارەكە دوای قۆناغی دابڕان بەهۆی داعشەوە پێویستیان بە هەموو شتێكە.

ئەحمەد جبووری بازرگان و خاوەن دووكان لە بەری چەپی مووسڵ دەڵێت، ئێستە جموجۆڵێكی فرەوانی بازرگانی لە هاوردەكردنی مادە كاڵا پێویستەكان لە هەرێمی كوردستانەوە هەیە بۆ پڕكردنەوەی پێویستی خەڵكی شارەكە كە بەم دواییە ئازاد كراوەتەوە.

زیاتر گوتی، ئێستە كاروانی هاتنی شتومەك نابڕێت كە شتومەك لە پارێزگاكانی هەرێمەوە دێننە مووسڵ كە بریتین لە مادەی خۆراك و ناوماڵ و جگەرە و ئامێری كارەبایی و جلوبەرگ و بەتانی و هیتریش لەو شتوومەكانەی لێرە دەست ناكەون و پێشتر داعش كۆنترۆڵی بازرگانیكردن پێیانەوەی كردبوو و هەندێكیشیانی قەدەغە كردبوو.

بەپێی ئەو بازرگانە ئێستە بازرگانانی هەرێم جموجۆڵی خۆیان لە هێنانی كاڵا و مادەی خۆراك لە توركیاوە زیاتر كردووە بەهۆی زۆربوونی داوا لەسەریان لەلایەن خەڵكی مووسڵەوە.

هاوكات كاروانی ئاوەدانكردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكان لە داعش بازرگانی مەوادی دروستكردن و ئاوەدانكردنەوەی خانووبەرەی گەرمتر كردووە وەك چیمەنتۆ و خشت و ئاسن و شیش، ئەوەش وەك مستەفا حەمەكەریم بازرگانی خەڵكی سلێمانی دووپاتی كردەوە.

زیاتر گوتی، ئێستە كارگەكانی سلێمانی بە هەموو توانای خۆیان كار دەكەن بۆ پڕكردنەوەی پێویستی بازاڕی مەوادی دروستكردنی خانوو لە مووسڵ و ئەو پێشبینی زیادبوونی خواستی ئەو مادانەشی كرد لە دوای ئازادكردنەوەی مووسڵ بە تەواوەتی بەتایبەتی بەری راستی شارەكە كە بەهۆی جەنگەوە تووشی وێرانكاری گەورە بووە.

بەپێی سەرچاوەكان بازرگانانی هەرێم گرێبەستی زۆریان لەگەڵ بازرگانانی توركیا كردووە بۆ هێنانی مادەی خۆراك و كارەبایی و دروستكردنی خانوو كە ئەوەش هەلی كار و بازرگانی و وەبەرهێنان زیاتر دەكات و ئابووری هەرێمی كوردستان دەبوژێنێتەوە كە بەهۆی بڕینی مووچەوە لەلایەن بەغدا تووشی داتەپین هاتبووەوە. 

لە 17ی تشرینی یەكەمی 2016 جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەستی پێ كرد و تا 24ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ توانرا نیوەی چەپی شارەكە لە داعش پاك بكرێتەوە، لە 19ی شوباتیش جەنگی ئازادكردنەوەی بەری راستی شارەكە دەستی پێ كردەوە و تا ئێستە جەنگەكە بە سەختی بەردەوامە. 

بەری راستی شاری مووسڵ لە رووی رووبەرەوە لە بەری چەپ بچووكترە و 40%ی رووبەری شارەكە پێك دێنێت، بەڵام لە رووی چڕی و ژمارەی دانیشتوانەوە قەلەباڵغترە و بەپێی نەتەوە یەكگرتووەكان نزیكەی 800 هەزار كەس لەو بەرەی شارەكە نیشتەجێن، لەو كاتەی سەرچاوە عێراقییەكان باس لە 650 هەزار كەس دەكەن. 

سەرچاوە: قودسی عەرەبی 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل