دانیشتوانی گوندێكی ئامێدی موڵكی گوندەكەیان دابەش كرد

:: PM:03:36:28/04/2017 ‌

بەمەبەستی نەهێشتنی ناكوكی و زیادەڕۆیی نەكردن لەسەر موڵكەكانیان، ئەمڕو خەڵكی گوندی هلورای سەر بە شارۆكەی ئامێدی سەرجەم زەوی و موڵكی گوندەكەیان بەیەكسانی لە نێوان خۆیان دابەش كرد، هەروەها بۆ یەكەمجار لە هەرێمی كوردستان بۆ دیاریكردنی موڵك و زەوی بە سیستەمی GPS دەبەسترێتەوە.

عەبدوڵا هلوری یەكێك لە ئەندامانی لیژنەی دابەشكردنی موڵك و زەوی و پاوان بە "وشە"ی راگەیاند، هەر چەندە ماوەی چەندین ساڵە خەڵكی گوندی هلورا بە تەبایی و بەبێ ناكوكی پێكەوە دەژین و زیادەڕۆییان لەسەر موڵكەكانیان نەكردووە، بەڵام بو ئەوەی بۆ ئایندە و نەوەكانی داهاتوو روون بێت كە موڵكەكانیان چین و هیچ ناكوكییەك دروست نەبێت و هەر كەس موڵكی خۆی بزانێت، ئەمڕۆ هەینی بە بەشداری هەموو ئەندامانی بنەماڵەكانی گوند، دەستمان كرد بە دابەشكردنی موڵكەكان.

عەبدولخالق هلوری یەكێكی ترە لە ئەندامانی ئەو لیژنەیە و گوتی، ئەمڕۆ لێرەین بۆ دابەشكردنی زەوی و موڵكی گوندەكەمان لە نێوان یەكتر كە پێك دێت لە موڵكی كشتوكاڵی و بەردینی و پاوان و گرد و بەرزایی و نزمایی چیا و لێوار رووبارەكان.

بەپێی قسەكانی هلوری تەنیا ئاغایەكی عەشیرەتی زێبار نێوەندەگیری لەسەر ئەو دابەشكردنە دەكات و لەلایەن تیمێكی تایبەتی ئەندازیاری رووپێوی دروست كراوە و  بە سیستەمی GPS بەستراوە.

گوندی هلورا بە یەكێك لە گوندە گەورە و دەوڵەمەندەكانی سنووری شارۆكەی ئامێدی دادەنرێت و لە چوار بنەماڵە پێك دێت و لە ساڵانی پەنجاكان دامەزراوە، بەهۆی سیاسەتی رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق تا ئێستە پێنج جار خاپوور كراوە و دوایین جاریش بەهۆی پەكەكەوە گوندەكە چۆڵ كرا بوو و ئێستەش جارێكی تر دانیشتوانی گوندكە  دەگەڕێنەوە سەر موڵكەكانیان و دەست بە كشتوكاڵ و بەخێوكردنی مەڕ و ماڵات دەكەن.

ئامێدی/ نەوزاد هلوری.










وشە - مه‌حموود ئیسماعیل