سەرۆك ئەركانی سوپای عێراق رای گەیاند كە هێزە هاوبەشەكانی عێراق ئازادكردنەوەی بەری راستی شاری مووسڵ لە ماوەی سێ هەفتەی تر وەك دوورترین ماوە ئازاد دەكەنەوە و شوێنی ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی داعشیش ئاشكرا دەكات كە لەسەر سنوورەكانی عێراق و سووریا جموجۆڵ دەكات.
فەریقی یەكەمی رووكن عوسمان غانمی ئەمڕۆ هەینی لە دیدارێكی ماڵپەڕی "رووسیا ئەلیەوم" رای گەیاند كە تا ئێستە هێزە هاوبەشەكانی عێراق رووبەڕووی سێ هێرشی كیمیایی داعش بوونەتەوە لە بەری راستی مووسڵ و هاوپەیمانانیش زانیاریان بەو هێرشانە هەیە.
زیاتر گوتی، لە ئەنجامی بەركەوتنی چەكی كیمیایی سەربازانی عێراق ئاسەواری بەركەوتنی چەكەكەیان لێ بەدیار كەوتووە و چارەسەریان بۆ كراوە، ئەو دووپاتی كردەوە كە تا ئێستە 40%ی مووسڵی كۆنیان كۆنترۆڵ كردووەتەوە لە بەری راستی شارەكە و داعشیش 35%ی بەری راستی بەدەستەوەیە.
غانمی روونی كردەوە كە كۆی ناوچەكانی ژێر دەستی داعش لە عێراق دەگاتە 3.8% لە كۆی رووبەری خاكی عێراق، ئاماژەی كرد كە ئێستە ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی داعش لە ناوچە سنوورییەكانی نێوان عێراق و سووریا جموجۆڵ دەكات و رەتیشی كردەوە كە هێزی زەوینی ئەمەریكا لە عێراق هەبن.
لە 17ی تشرینی یەكەمی 2016 جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەستی پێ كرد و تا 24ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ توانرا نیوەی چەپی شارەكە لە داعش پاك بكرێتەوە، لە 19ی شوباتیش جەنگی ئازادكردنەوەی بەری راستی شارەكە دەستی پێ كردەوە و تا ئێستە جەنگەكە بە سەختی بەردەوامە.
بەری راستی شاری مووسڵ لە رووی رووبەرەوە لە بەری چەپ بچووكترە و 40%ی رووبەری شارەكە پێك دێنێت، بەڵام لە رووی چڕی و ژمارەی دانیشتوانەوە قەلەباڵغترە و بەپێی نەتەوە یەكگرتووەكان نزیكەی 800 هەزار كەس لەو بەرەی شارەكە نیشتەجێن، لەو كاتەی سەرچاوە عێراقییەكان باس لە 650 هەزار كەس دەكەن.