حەویجە ستراتیجیترین پێگەی داعش بەهۆی مووسڵەوە هێشتە رزگاركردنی هەر قسەیە

:: PM:05:11:28/04/2017 ‌

ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە حەویجە وەك یەكێك لە شارۆكە گەورەكانی رۆژئاوای كەركوك لەژێر دەسەڵاتی داعشدایە، رزگار نەكردنەوەی ئەو ناوچەیە تا ئێستە كاردانەوەی جیاجیای لێ كەوتووەتەوە، ئەگەرچی گرنگی پێگەی داعش لە حەویجە زۆر زیاترە لە مووسڵ، بەڵام رزگاركردنەوەی دەكەوێتە پاش جەنگی مووسڵەوە.

حەسەن ئەحمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بە "وشە"ی راگەیاند، جەنگی رزگاركردنی حەویجە بەهۆی پێگەی جوگرافی ناوچەكەوە بۆ داعش هەروا ئاسان نییە كە دەستبەرداری بێ، بۆیە پلانی رزگاركردنەوەی حەویجە رەنگە هەندێك دوا بكەوێت، چونكە لە ئێستەدا هێزە تەناهییەكانی عێراق بەهاوبەشی سوپا و پۆلیس و حەشدی شەعبی سەرقاڵی پاككردنەوەی بۆشاییەكانی نێوان هەردوو پارێزگای دیالە و سەڵاحەدینن كە هاوكات ئەو بۆشاییە بۆ بەهێزكردنی پێگەی داعش زۆر گرنگە.

زیاتر گوتی، تا هێزی تۆكمەی بەهێز لە پۆلیس و سوپا و ئەگەر پێشمەرگەش بێ باشترە، لە نێوان دیالە و سەڵاحەدین جێگیر نەكرێن، رزگاركردنی حەویجە كارێكی ئاستەمە.

 رزگار حەمید شارەزا لە بواری جوگرافیا بۆ "وشە" ئاماژەی دا كە حەویجە لە یەككاتدا نزیكە لە پارێزگاكانی مووسڵ و كەركوك و سەڵاحەدینەوە ، بۆیە هیچ ناوچەیەك وەك حەویجە بۆ داعش گرنگ نییە، بۆیە گرنگ بوو هێرش بۆ رزگاركردنەوەی حەویجە پێش مووسڵ ئەنجام بدرایە، بەڵام دیارە بۆ ئەوە گرنگی ستراتیجی ناوچەكە بۆ داعش لەبەرچاو نەگیرا.

عەلی هاشم، گوتەبێژی حەشدی شەعبی لە سنووری خورماتوو ، بە "وشە"ی راگەیاند، پلانی سوپا و حەشدی شەعبی بۆ ئەوەیە كە رێگەكانی هەڵاتن لە دیالە و سەڵاحەدینەوە بگرن و رێگە نەدەن كە چەكدارانی داعش لە حەویجەوە دزە بكەنە دەرەوەی شارۆكەكە و بەپێچەوانەشەوە بۆ ناوچەكانی دەورووبەری.

لیوا محەمەد قادر فەرماندەی میحوەری داقوقی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە سنووری داقوق كە بەرەیەكی هاوسنووری حەویجەیە بۆ " وشە" ئاشكرای كرد، پلان وایە رزگاركردنەوەی حەویجە بكەوێتە پاش رزگاركردنەوەی یەكجاری پارێزگای مووسڵەوە.

ئەوەشی خستە روو، ماوەیەكە چەكدارانی داعش دەستیان بە بۆمبرێژكردنی دەروازەكانی ناوچەكە كردووە و رێگری دەكەن لە هەڵاتنی خەڵك، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێ كە داعش خۆی بۆ رووبەڕووبونەوەی سەختی شەڕی حەویجە ئامادە كردووە.

حەویجە بەدووری 30 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری خۆرئاوای پارێزگای كەركووكەوە و بە یەكێك لە قەڵا سەختەكانی عەرەبی سونەش دێتە ئەژماركردن.

گەرمیان / سەبری هۆرینی 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل