خۆشى شه‌وقی شێوه‌كارى كورد، له ساڵانى هه‌شتای سه‌ده‌ی رابردووه‌وه تا ئێسته به‌رده‌وامه له كاری شێوه‌كارى و خاوه‌ن چه‌ندان پێشانگه‌ى تایبه‌ت و هاوبه‌شه له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ى كوردستان. به گوته‌ی خۆی، ئێش و ئازارى میله‌ته‌كه‌ى و سته‌مى داگیركه‌ران و دوژمنانى كورد ڕه‌نگدانه‌وه‌ى هه‌یه له كاره‌كانیدا. خۆشی له دیمانه‌یه‌كى "وشه"دا ورده‌كاریی تر له‌باره‌ی هونه‌ری شێوه‌كاری ده‌خاته ڕوو و رای ده‌گه‌یه‌نێت، "هێشتا له كوردستان هونه‌ر نه‌گه‌یشتووه به ئاستی بژێوی بۆ هونه‌رمه‌ند".
سه‌ره‌تا به چ كارێك هاتیته ناو بوارى هونه‌رى؟
هه‌ر له سه‌رده‌مى منداڵییه‌وه به‌شدارى چالاكى قوتابخانه‌كانم كردووه و تا ئێسته چه‌ندان خه‌ڵاتى جیهانیم به‌ده‌ست هێناوه، گرنگترینیان خه‌ڵاتى "شانكه‌ر"ى نێوده‌وڵه‌تییه.
یه‌كه‌م پێشانگه‌ى هونه‌ریت ساڵى چه‌ند كرده‌وه و تا ئێسته به‌رهه‌می سه‌ره‌تات ماون؟
یه‌كه‌م پێشانگه‌ى تایبه‌تیم له بوارى شێوه‌كارى ساڵى 1986 كرده‌وه له سلێمانى له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند سه‌رچڵ شه‌وقى، دواتر به‌هۆى ئاواره‌بوونم له ساڵى 1996 ماڵه‌كه‌م تاڵان كرا و كاره‌كانم له‌ناو چوون. بۆیه ئه‌و به‌رهه‌مانه‌م نه‌ماون .
وه‌ك خانمه شێوه‌كارانى كورد، تا چه‌ند توانیوتانه نه‌هامه‌تییه‌كانى گه‌لى كورد وه‌ك جینۆساید و ئه‌نفال و كیمیاباران به‌دنیا بناسینن؟
وه‌ك خۆم هه‌رده‌م كاره‌كانم گوزارشتى له خۆشى و ناخۆشیى نیشتمان كردووه، به‌شدارى زۆربه‌ى بۆنه نه‌ته‌وه‌یی و كاره‌ساته نیشتمانییه‌كانم كردووه، هه‌وڵم داوه تایبه‌تمه‌ندی بده‌م به ئازاره‌كانى میله‌ته‌كه‌م له تابلۆكانمدا، چونكه وابه‌سته‌یییه‌كى گه‌وره‌م به‌رامبه‌ر نیشتمان هه‌یه.
جگه له كارى شێوه‌كارى، مامۆستاى له په‌یمانگه‌ى هونه‌ره جوانه‌كانى سلێمانى، تا چه‌ند قوتابییه‌كانت به‌شدارى پێ ده‌كه‌یت له پێشانگه و كاره هونه‌رییه‌كاندا؟
هه‌موو ساڵێك قوتابییه‌كانم جۆش داوه و هانیان ده‌ده‌م جیاواز له به‌شه‌كانى تر، كارى تازه‌ی ئه‌كادیمى به‌رهه‌م بێنن و به‌شداریى زۆربه‌ى بۆنه‌كانیان كردووه. هه‌ندێك جار باشى كاره‌كان واى لێ كردووم به‌تایبه‌ت بۆنه‌ى بۆ دروست بكه‌م له‌پێناو هاندان و په‌ره‌پێدانى تواناكانیان. ده‌مه‌وێت قوتابی به‌رهه‌مى باشى خۆى له‌چاوى بینه‌راندا ببینێ بۆ ئه‌وه‌ى به‌ره‌و پێشه‌وه بڕوات .
ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر دوا كارت به‌ناوى "شه‌پۆلى مه‌رگ" به‌رهه‌م هێنا بۆ كۆچبه‌ران، مه‌به‌ستت چی بوو لێی؟
شه‌پۆلى مه‌رگ به‌هۆى ئه‌و مه‌رگه‌ساته بوو كه تووشى ڕۆڵه‌كانى میله‌ته‌كه‌م بوو، بۆ پیشاندانى دڵگرانى و هاوخه‌میم بۆیان ئه‌و كاره‌م ئه‌نجام دا، مه‌به‌ستم به‌سه‌ركردنه‌وه و ئاگاداركردنه‌وه‌ى هاونیشتمانییانى تر‌ى وڵاته‌كه‌م بوو كه هه‌وڵ بده‌ن نیشتمان به‌جێ نه‌هێڵن، به‌ڵكو هه‌وڵى گۆڕینى سیسته‌م بده‌ن و كار له چاكسازیى ڕاسته‌قینه‌دا بكه‌ن .
ساڵى 1988 بڕوانامه‌ى به‌كالۆریۆست له بوارى گرافیك و دیزاین به‌ده‌ست هێناوه، ئایا ئه‌كادیمیا تا چه‌ند پاڵپشتى سه‌ره‌كییه بۆ سه‌ركه‌وتنی هونه‌رمه‌ند؟
هه‌رده‌م خوێندن بنه‌مایه‌كى سه‌ره‌كییه له پێشخستنى هزرى مرۆڤ به شێوازه ئه‌كادیمییه‌كه‌ى و ته‌واوكردنى ئه‌زموونى تیۆرى و پراكتیكى پێشتر له خۆمانه .
ساڵى 1993 به‌شى گرافیكت له په‌یمانگه‌ى هونه‌ره جوانه‌كانى سلێمانى دامه‌زراندووه، چى هانى دایت ئه‌و به‌شه دابمه‌زرێنى؟
دامه‌زراندنى ئه‌و به‌شه پێویستى بوو، له‌به‌ر نه‌بوونى به‌شى له‌و شێوه‌یه له په‌یمانگه‌كه‌ماندا. له هه‌موو كارێكى تازه و نوێ پاڵپشت و دژت ڕووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه، چ جاى كردنه‌وه‌ى به‌شێك .
جیا له خوێندن، هیچ خولێكت بینیوه بۆ زیادكردنی زانیاریی هونه‌ریت؟
له ئه‌ڵمانیا خولى فه‌لسه‌فه و داهێنانى هونه‌ریم ته‌واو كردووه، هه‌ڵبه‌ته گرافیك له به‌غدا خولم بۆ خوێندووه. ئه‌و دوو خوله دوور نین له‌و به‌شه‌ى ته‌واوم كردووه و ته‌واوكه‌رى تێگه‌یشتنم بوون بۆ هونه‌ر، ئه‌و دوو خوله وایان لێ كردم كاره گرافیكییه‌كانم قووڵتر و پڕ ماناتر به‌رهه‌م بێن و پڕ بن له جووڵه‌ى فیكرى .
تا ئێسته خاوه‌ن چه‌ند پێشانگه‌ى تایبه‌ت و هاوبه‌شى له كوردستان و ده‌ره‌وه؟
خاوه‌نى 15 پێشانگه‌ی تایبه‌ت و زیاتر له 200 به‌شدارى پێشانگه‌ى هاوبه‌شم له كوردستان و ده‌ره‌وه.
بۆ ڕۆژى ڤالانتاینى ئه‌مساڵ چه‌ند كچ و كوڕه قوتابییه‌كت كۆ كرده‌وه و كارێكى جیاوازتان ئه‌نجام دا، ئه‌و ڕۆژه چ مانایه‌ك ده‌گه‌یه‌نێت له‌لاى تۆ؟
بۆ ڕۆژى خۆشه‌ویستى هه‌موو ساڵێك چالاكیم هه‌بووه، چونكه دڵم پڕه له خۆشه‌ویستى بۆ كاره‌كه‌م و قوتابییه‌كانم و خێزان و هاوڕێكان و نیشتمان و شاره‌كه‌م، نه‌ك هه‌ر بۆ ئه‌و ڕۆژه كارم كردووه، به‌ڵكو بۆ زۆربه‌ى بۆنه نیشتمانییه‌كان كارم كردووه.
له‌و ڕۆژه‌دا چیت كرد به‌رامبه‌ر خۆشه‌ویسته‌كه‌ت؟
وه‌ك دیارى تایبه‌تم بۆ خۆشه‌ویسته‌كه‌م، هه‌موو ساڵێك به‌شێوازێكى جیاواز پیشانى ده‌ده‌م خۆشه‌ویستیم به‌رده‌وامه بۆی.
بۆچى به‌رده‌وام ده‌گوترێ له كوردستاندا هونه‌ر نه‌بووه‌ته پیشه؟
نه‌ك له كوردستان، به‌ڵكو له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست گرنگى به هونه‌ر وه‌ك پێویست نادرێت، له‌به‌ر ئاین و كولتوور، له‌به‌ر ڕێگره‌كانى ناو وه‌رگێڕه جیاوازه‌كانى ئاین كه كردوویه‌تى به حه‌رام و عه‌یبه، ئه‌گه‌ر نا مرۆڤه‌كان هه‌مان كه‌سن ته‌نیا په‌روه‌رده‌یان جیاوازه.
كه‌واته پێت وایه لایه‌نى پێوه‌ندیدار به‌رپرسه له كه‌مته‌رخه‌مى به‌رامبه‌ر هونه‌ر یا جه‌ماوه‌ر؟
بابه‌ته‌كه پێوه‌سته به‌و ناوچه جیۆگرافییه كه هه‌میشه جه‌نگ به‌رۆكى گرتووه و به‌رى نه‌داوه، جه‌نگ ناهێڵێت هونه‌ر پێش بكه‌وێت، هه‌روه‌ها په‌روه‌رده‌ى تاكیش كه به‌شێكن له كاریگه‌ریى ئاین و كولتوورى ساڵه‌هاى ساڵ كه دوژمنان كاریان بۆ شێواندنى كردووه .
هونه‌رى شێوه‌كارى كوردى چۆن ده‌ناسێنی؟
له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو فشارانه‌ى له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند و ده‌روونى هونه‌رمه‌ندان هه‌یه، كارى شێوه‌كارى زۆر پێشكه‌وتووه، ته‌نیا كێشه‌ى ئه‌وه‌یه له چوارچێوه‌یه‌كى داخراودا به‌رهه‌مه‌كان ده‌خرێنه روو. ئه‌گه‌ر نا هیچمان له میله‌تانى تر كه‌متر نییه و بازاڕى هونه‌ر هێشتا بوونى نییه وه‌ك بازاڕه گرنگه‌كانى تر‌ى بواره‌كانى تر له دنیادا. به‌داخه‌وه له بوارى ئه‌كادیمییه‌كه‌ى هێشتا زۆرمان ماوه بگه‌ین به ئاستى جیهانى و كێشه‌مان به‌دۆكیۆمێنتكردنه.
پێداویستییه‌كانى هونه‌رى شێوه‌كارى چۆن دابین ده‌كه‌یت بۆ كاره‌كانت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى زۆر له هونه‌رمه‌ندانى كورد له‌سه‌ر گیرفانى خۆیان كاره هونه‌رییه‌كانیان ده‌كه‌ن؟
هه‌وڵم داوه پێداویستییه هونه‌رییه‌كانم به ساده‌ترین كه‌ره‌سته دابین بكه‌م، له‌سه‌ر بودجه‌ى خۆم، چونكه هونه‌ر به‌شێكه له به‌رده‌وامیم بۆ ژیان، وه‌ك خواردن وایه و ده‌بێت دابینى بكه‌م .
ئایا هونه‌ر له كوردستاندا گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئاسته‌ى بتوانێ هونه‌رمه‌ند بژێنێ؟
نه‌خێر هێشتا ئه‌و بازاڕه دروست نه‌بووه بژێوى ژیان دابین بكات، به‌ڵكو هێشتا ده‌سكه‌وتى ئابوورى له تاكه‌كه‌س و تاكه كڕیاردایه.
كارى نوێى هونه‌ریت چییه؟
بۆ كاری نوێم ڤیدیۆ ئارتێك به‌ڕێوه‌یه باس له ئێسته ده‌كات .
شاخه‌وان شێخانى