ئینگلیزییەكان دەستبەرداری نیمار نابن

:: PM:02:07:29/04/2017 ‌

تا ئێستاش قسەكردن لەسەر مانەوە و رۆیشتنی نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی لە ریزی یانەی بەرشەلۆنە درێژەی هەیە و یانە ئینگلیزییەكانیش دەستبەرداری بیرۆكەی گرێبەستكردن لەگەڵیدا نەبوونە.

رۆژنامەی (زە سەن)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: نیمار خۆی تا ئێستا دەرگەی رۆیشتنی لە یانەی بەرشەلۆنە دانەخستووە بۆ ئەوەی لە وەرزی داهاتوودا لە ریزی یانەیەك یاریی بكات خۆی ئەستێرەی یەكەم بێت بە پێچەوانەی یانەی بەرشەلۆنە كە لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی بوونی تێدا هەیە.

بەگوێرەی رۆژنامەكە نیمار داوای لەو یانانە كردووە كە هەوڵی گرێبەستكردنی لەگەڵ دەدەن بەتایبەتیش یانە ئینگلیزییەكان، خۆیان بۆ ئەو بڕە پارەیە ئامادە بكەن كە یانەی بەرشەلۆنە كە وەك مەرج بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی دایناوە كە 200 ملیۆن یۆرۆیە.

یانەی چێڵسی لە ریزی یەكەمی ئەو یانانە دێت كە ئارەزووی گرێبەستكردنی لەگەڵ نیمار هەیە، ئەویش بۆ شوێنگرتنەوەی ئیدین هازاردی ئەستێرەی بەلجیكی كە نزیكە بۆ وەرزی داهاتوو روو لە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بكات.

یانەیەكی تری ئینگلیزیش ئامادەیە ئەو بڕە پارە زەبەلاحە خەرج بكات بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ نیمار، ئەویش یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزییە.

یانەكە لەسەر داوای جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری پورتوگالی ئامادەیی خۆی پێشانداوە نیمار بكاتە ئەستێرەی یەكەمی یانەكەی و زۆرترین مووچەشی بداتێ كە 300 هەزار پاوەن دەبێت لە ماوەی هەفتەیەكدا.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م