هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەماوەی هەفتەی یەكەمی دەستپێكی هەڵمەتی رزگاری مووسڵ لە میحوەرەكانی رۆژهەڵات و باكور و باكوری رۆژهەڵات دەیان ئۆتۆمبێلی تیرۆریستانی تێكشكاندووە و ئەو وێنانەنشی دەیبینن، وێنەی بەشێك لە ئۆتۆمبێلە تێكشكاوەكانی داعشن.
17ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسعوود بارزانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان یەكەم هێرشیان لە میحوەری خازر بۆ سەر تیرۆریستان دەست پێ كرد و توانیان 11 گوند لەو میحوەرە كۆنتڕۆڵ بكەنەوە و بگەنە دەروازەكانی شارۆكەی حەمدانیە و شارەدێی بەرتلە.
رۆژانی دواتر پێشمەرگە لە میحوەرەكانی باشیك و ناوەران و تلسقۆف و بەنداوی مووسڵ دەستیان بە پێشڕەوی كرد و توانیان ڕووبەرێكی یەكجار فرەوان لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە و گورزی كەمەرشكێن لە تیرۆریستان بدەن.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست "وشە" كەوتوون، تا ئێستە پێشمەرگەی كوردستان توانیویەتی زیاتر لە 25 گوند كۆنتڕۆڵ بكاتەوە و نزیكەی 100 تیرۆریست بكوژێ و دەیان ئۆتۆمبێلی تیرۆریستانیش لە میحوەرەكانەوە تێكشكێنراون.
شانەی راگەیاندنی جەنگی لە سوپای عێراق ئاشكرای كرد، كە توانراوە نزیكەی 500 تیرۆر بكوژرێ و 80 گوندیش كۆنتڕۆڵ كراونەتەوە.
رۆژی 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی نزیكەی 60 هەزار چەكدار لە چوار فیرقەی سەربازی سوپای عێراق و پۆلیسی ناوخۆیی شارەكە، تەواوی شاری مووسڵ كەوتە دەستی تیرۆریستانی داعش و پاش ئەوەی شارەكە داگیر كرا، ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە مزگەوتێكی مووسڵ پەیامی بڵاو كردەوە و پاشان تیرۆریستان بەرەو ناوەڕاست و باشووری عێراق پێشڕەوییان كرد.
لە سەرەتاكانی مانگی ئاب/ئۆگستسی 2014، تیرۆریستان بەرەو كوردستان گەڕانەوە و پەلاماری ناوچە كوردستانییەكانیان دا بەرەو هەولێر هاتن و شارۆكەی مەخموور و گوێڕیان كۆنتڕۆڵ كرد، بەڵام لە شەوی 10 ئاب/ئۆگستسی 2014، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا هاتنە وەڵام و یەكەم بۆردمانیان لە مەخموور و گوێڕ بۆ سەر تیرۆریستان ئەنجام دا.
رۆژی دووشەم 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر لە درەنگانی شەودا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستپێكی هەڵمەتی رزگاری شاری مووسڵی ڕاگەیاند و بۆ بەیانییەكەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری خازر دەستیان بە پێشڕەوی كرد و توانیان تا نیوەڕۆ نۆ گوند لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە ، هاوكات لە میحوەری گوێڕ-مەخموور و میحوەری گەیارەش هێزەكانی عێراق پێشڕەوییان كرد و هەڵمەتەكان لایەن هێزەكانەوە رۆژ دوای رۆژ بەردەوام دەبن و بازنەی گەمارۆدانی تیرۆریستان لە مووسڵ سات دوای سات بچووكتر دەبێتەوە.
مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و یەكێكە لە شارە مێژوویییە بەناوبانگەكانی ناوچەكە و بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دەبێت و هەریەك لە پێكهاتەكانی عەرەبی سونە و كورد و توركمان و مەسیحی و كوردانی ئێزیدی و شەبەك تێیدا نیشتەجێن، زێی دیجلە بەنێو شارەكە تێپەڕ دەبێت و كردوویەتی بە دوو بەشەوە و بە بەشی ڕاست و چەپی شارەكە ناوزەد كراوە.