رێكخراوی داعش خەندەكێكی بە دەورەی حەویجەدا لێ داوە بۆئەوەی رێگری لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی ئەو شارۆكەیە بكات، بەرپرسێكیش تازەترین زانیاریی لەو رووەوە ئاشكرا دەكات.
بەرپرسێك كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت، ئەوەی راگەیاندووە كە داعش دەستی بە لێدانی خەندەكێكی تەناهی بە چوار دەورەی شارۆكەی حەویجە و چەند شارەدێیەكی سەر بە حەویجە لێ داوە، هاوكات چەند پێگەیەكی پتەوكردووە وەك ئامادەكاری بۆ وەڵامدانەوەی هێرشی سوپای عێراق.
ئاشكرایشی كردووە كە خەندەقەكە بە دەوری حەویجە و شارەدێكانی عەباسی و زاب و ریازدا بە قووڵی و درێژی لێ داوە و ئامانج لێی ڕیگریكردنە لە هێزە عێراقییەكان بۆ ئازادكردن و كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزاكە لە دەستی داعش.
ئاماژەی بەوەیش كردووە كە داعش نزیكەی 10 كیلۆمەتر خەندەكی لێ داوە، لە رێی سەرەكی نێوان حەویجە و ڕێی كەركووك بەرەو ڕێبڕی چوونە نێو شارۆكەكە و قووڵی خەندەقەكە دەگاتە سێ مەتر بە پانی مەترێك، هاوكات بۆمبی چێنراوی لێ چەسپێندراوە، تا رێگری زیاتر بكات.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە كردووە، كە هێزە تەناهییەكان زانیاریی ئەوەیان بە دەست گەییشتووە، كە نزیكەی 900 چەكداری داعش لە سنووری حەویجە ماون، زۆربەی عێراقین، جگە لە سەركردەكانی ریزبەندی یەكەم، كە بیانیشیان تێدایە و دەگەنە 20 كەس.