بەهۆی هەڵەی پزیشكییەوە نەخۆشخانەیەكی ئەهلی كەركووك دادەخرێت

:: PM:08:04:29/04/2017 ‌

دوای ئەوەی ئافرەتێكی دووگیان لە نەخۆشخانەیەكی ئەهلی لە كەركووك منداڵی دەبێت، دەستی نەخۆشەكە دەئاوسێت و بەو هۆیەوەش دەستی دەتەقێت، هاوسەرەكەی سكاڵا لەسەر نەخۆشخانەكە تۆمار دەكات و فەرمانگەی تەندروستی كەركووكیش بڕیاری خۆی لەسەر ئەم پرسە دەدات.

ئەمڕۆ شەموو 29ی نیسان بەڕێوەبەری بەشی پشكنین لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی كەركووك بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، دوابەدوای ئەوەی هاوژینی هاووڵاتی(ن.ص) سكاڵایەكی فەرمی لە فەرمانگەی تەندروستی كەركووك لەسەر نەخۆشخانەی (دار الحكمە)ی ئەهلی تۆمار كرد و داوای لێپێچینەوەی لە ئاوسان و هەوكردنی دەستی هاوژینەكەی كرد كە بەهۆی هەڵەی پەرستارێكی نەخۆشخانەی ناوبراوەوە بووە. بەدواداچوونمان بۆ ئەو كەیسە كرد.

ئەم بەدواداچوون و بڕیارەی فەرمانگەی تەندروستیی كەركووك لە واری فەرمی فەرمانگەكەش بڵاو كراوەتەوە و تیایدا هاتووە، دوای پێكهێنانی لێژنەیەكی تایبەت بۆ بەدواداچوونی ئەم پرسە، بۆمان دەركەوت كە ئەو ئاوسان و هەوكردنەی دەستی ئافرەتەكە بەهۆی هەڵەی دانانی كانوولەكە بووە، بۆیە بڕیارمان دا نەخۆشخانەكە بۆ ماوەی یەك هەفتە دابخەین تاكو ڕێوشوێنی لێكۆڵینەوەكە تەواو دەبێت.

دكتۆر محەمەد هەمەوەندی لەم بارەیەوە بە "وشە"ی گوت، هەڵەی پزیشكی لە هەموو نەخۆشخانەكانی جیهاندا هەیە و لە هەر وڵاتێكدا بە ڕێژەیەكی دیاری كراوە و لە پێشكەوتووترین وڵاتانی دنیاشدا هەڵەی پزیشكی دەكرێت. هەڵبەت ئەمە مانای ئەوە نییە هەڵە بكرێت و بەداوداچوونی بۆ نەكرێت، بەڵكو لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ هەر حاڵەتێكی لەم بابەتانە دەكرێت و لە ڕێگەی لێژنەیەكی پسپۆڕەوە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە دەدرێتە ناوەندی بڕیاری فەرمانگە تەندروستییەكان و ئەوانیش بڕیاری گونجاوی بۆ دەردەكەن، چونكە ئەگەر وا نەبێت، هەڵە پزیشكییەكان سنووردار ناكرێت و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕێژەیان زیاتر دەبێت.

كەركووك – نەبەز ڕۆستەم



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل