پزیشكان لە پەیمانگەی فرانسیس كریك لە لەندەن توانیان تەكنیكێكی نوێ بۆ چارەسەركردن و ئاشكراكردنی گەڕانەوەی نەخۆشی شێرپەنجە بدۆزنەوە، واتە بەر لە ساڵێك لە دەركەوتنەوەی و خێراتر لە تیشك و سۆنار و رێگەكانی تر.
ئێزگەی بەریتانیا "بی بی سی" لەو بارەوە رای گەیاند كە پزیشكانی بەریتانیا توانیان چەند جۆرێك پڕۆتین دیاری بكەن كە پێوەندیان بە شێرپەنجەوە هەیە و زوو لە خوێنی نەخۆش بەدیار دەكەون، كە بە رێگەكانی تر ناتوانرێت ببینرێت، بۆیە ئەو تەكنیكە رێگە بۆ پزیشكان خۆش دەكات بۆ دۆزینەوەی زووی بوونی لووی شێرپەنجەیی و دەست پێ كردنی چارەسەری بۆ نەخۆشییەكە و ئەوەش هەلی سەركەوتنی چارەسەرییەكە زیاتر دەكات.
سەرەتا پڕۆژەكە بۆ شێرپەنجەی سییەكانەوە بووە، بەڵام پزیشكان دەڵێن كە لە گەڵ هەموو جۆرەكانیتری شێرپەنجە دەڕوات كە تیایدا پزیشكان لە خوێنی نەخۆش بەدوای شتێكی دیاریكراودا دەگەڕێن و ئەگەر دۆزیانەوە ئەوە مانای بوونی شێرپەنجەیە، بۆیە ئەوان هەستان بە شیكردنەوەی پڕۆتینەكانی ناو لووە شێرپەنجەییەكان بۆ دیاریكردنی جۆرەكانیان.
بەپێی ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی لە بڵاوكراوەی "نیچەر"ی زانستی بڵاو كراونەتەوە، پزیشكان توانیان زووتر و بەر لە ساڵێكەوە بوونی شێرپەنجە لە مرۆڤ دیاری بكەن، دكتۆر كریستۆفەر ئابوش لە سەنتەری نەهێشتنی شێرپەنجە لە كۆلێجی لەندەنی زانكۆیی دەڵێت، بەو رێگەیە دەتوانین كە شێرپەنجە دیاری بكەین و دەست بە چارەسەركردنی بكەین تەنانەت بەر لە دەركەوتنی نیشانەكانی بەسەر مرۆڤەكانەوە، هەروەها دەشتوانین بەو رێگەیە چاودێری ئەوان بكەین بۆ قۆناغی دوای سەركەوتنی چارەسەركردنیان.
زیاتر گوتی، ئەو پەرەسەندنە هیوایەكی نوێیە بۆ چارەسەركردنی شێرپەنجە و گەڕانەوەی نەخۆشییەكە دوای چارەسەركردنی، هەروەها لەناوبردنی خانە شێرپەنجەییەكان كاتێك قەبارەیان بچووكترە ئاسانتر دەبێت.