بەهۆی زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆیی باجی زیاتر دەخرێتە سەر ئەو بەرهەمانەی هاوردە دەكرێن، ئابووریناسێكیش روونی دەكاتەوە كە باج خستنە سەر بەرهەمی هاوردەكراوەكان لە بەرژەوەندی جوتیارانە.
محەمەد ڕەئوف، شارەزانی بواری ئابووری و مامۆستای زانكۆی سلێمانی ئەمڕۆ شەموو بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كاتێك بەرهەمی ناوخۆی پێ نەگەشتووە، باج ناخرێتە سەر بەرووبومی هاوردە و سەوزە میوە، چونكە ناوخۆ پێویستی بەو خۆراكانە هەیە و ناكرێت باجیان لەسەر بێت.
ئەوەشی گوت، كاتێك بەرهەمی ناوەخۆی جوتیار پێ دەگات، دەبێت ئەو میوە و سەوزە و خۆراكانە كە جوتیاری ناوەخۆی بەرهەمی دێنێت، باجیان بخرێتە بۆ ئەوەی بەرهەمەی ناوەخۆ لە ناوەخۆی وڵات بەكاربێتەوە و جوتیاریش ئەو زەرەرە نەكات كە لەو بەرهەمی خەرجی كردووە.
زیاتر گوتی، هەموو كات باج خستنە سەر بەرهەمە هاوردەكراوەكان لە بەرژەوەندی جوتیار دەبێت، بەو مەرجە بەرهەمی ناوەخۆیی نرخی دانەشكێت، هەروەها هێلكە باجی زیاتر كراوە لەگەڵ مریشك، چونكە ئێستە بەرهەمی ناوەخۆ زیاد بووە.
لای خۆیەوە، شاڵاو جەمال بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هەموو ساڵ لە 15ی نیسان باج دەخرێتە سەر ئەو هەندێ لە بەرووبومە هاوردەكراوەكان، چونكە هەندێك لەو خۆراكانە لە ناوەخۆ بەرهەم دێن.
زیاتر گوتی، كاتێك هەموو سەوزە و میوەكان لە ناوەخۆ پێ دەگەن، باجی سەر ئەو هاوردەكراوانە زیاتر دەكرێت لە پێناو ساغكردنەوەی بەرهەمی جوتیار و بەرژەوەندی جوتیاران.
هەروەها لیژنەی چاودێری بەرووبومی سەوزە و میوە لە پارێزگای سلێمانی بڕیاری داوە بە رەچاوكردنی پێگەیشتنی بەرووبومی ناوەخۆیی سەوزە و میوە باجی زیاتر لەسەر هەموو ئەو سەوزەو میوانە دابنرێت كە لەم وەرزەدا لەناوەخۆی هەرێمی كوردستان پێ دەگات.
لەسەر ئەو بابەتەوە "وشە" چەند جارێك پێوەندی بە ئەزوەر مەحموود بەڕێوەبەری مەرزی باشماخ كرد، بەڵام پێوەندییەكانی بەردەست نەبوو.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی