كوشتنى ژن و پیاوێكى گه‌نج له شارى هه‌ولێر و له كه‌مپێكی ئاواره‌كاندا، ناڕه‌زایی و كاردانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی لێكه‌وته‌وه به‌هۆی ناڕوونی هۆی كوشتنه‌كه، به‌ڵام پۆلیسى هه‌ولێر توانى بكوژه‌كه بگرێت و هۆی كوشتنه‌كه و ئه‌نجامده‌ری تاوانه‌كه ئاشكرا ده‌كات.
رووداوه‌كه كۆتای هه‌فته‌ی رابردوو له كه‌مپێكی ئاواره‌كانی رۆژئاوای كوردستان له نزیك هه‌ولێر رووی دا، به‌هۆی گه‌نجی ته‌مه‌نی ژن و پیاوه‌كه و دۆخیی ئاواره‌ییه‌كه‌یان سۆزی هاووڵاتییان بۆ رووداوه‌كه جوڵا و خێرا له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی ته‌شه‌نه‌ی كرد.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 30ی نیسان/ئه‌پریل، هۆگر عه‌زیز گوته‌بێژى پۆلیسى هه‌ولێر، به"وشه"ى ڕاگه‌یاند، تاوانبار به ماده‌ى 406 له یاساى سزادانى عێراقى گیراوه و په‌ڕاوى لێكۆڵینه‌وه بۆ ڕووداوه‌كه كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئاماده نه‌بوو هۆى كوشتنه‌كه ئاشكرا بكات.
به‌گوێره‌ى به‌دواداچوونى "وشه" له كه‌سه نزیكه‌كانى ئه‌و ماڵه‌ى تاوانه‌كه‌ی تیادا ئه‌نجام دراوه ده‌رده‌كه‌وێ، كه‌سى تۆمه‌تبار پێوه‌ندى هه‌بووه له‌گه‌ڵ ئه‌و خێزانه و دواتر به‌هۆی ئاشكرا بوونی هه‌ندێك نهێنی، سه‌ره‌تا پیاوه‌كه ده‌كوژێت و دواتر ژنه‌كه‌یش خه‌ڵتانی خوێن ده‌كات.
مسته‌فا خدر پارێزه‌ر له شارى هه‌ولێر، به"وشه"ى گوت، ماده‌ى 406 چه‌ند ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كى له‌گه‌ڵدایه، ئه‌و كه‌سه دوو تاوانى ئه‌نجام داوه، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات ئاستى ئه‌و تاوانه‌ى تاوانباره‌كه كردوویه‌تى، ئه‌گه‌رى سزای له سێداره‌دانى زۆرتر به‌هێز بكات.
به‌پێی به‌دواداچوونی "وشه" له پۆلیس و كه‌سه نزیكه‌كانی رووداوه‌كه، ئه‌و پرسه به ته‌واوی كۆمه‌ڵایه‌تییه و دادگا بڕیاری خۆی ده‌دات.