لە دادگەی فیدراڵی تانە لە یاسای قەدەغەكردنی خواردنەوە كهوولییەكان دەدرێ

:: PM:12:04:25/10/2016 ‌

سەرۆكی كوتلەی رافیدەین لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەم ئاشكرای كرد، كە فراكسیۆنی رافیدەین و چەند فراكسیۆنێكی تر لە دادگەی باڵا، تانە لەو بڕگەیەی یاسای داهاتی وەزارەتی شارەوانی دەدەن ئەگەر سەرۆك كۆماری عێراق یاساكە پەسەند بكات.

یونادم كەنا سەرۆكی كوتلەی رافیدەین لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای كرد، ئێستە چاودێری هەنگاوەكانی یاسای داهاتەكانی وەزارەتی شارەوانی دەكەن كە لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر درا، ئەگەر هاتوو هەموو رێكارەكانی بڕی و ئەو بڕگەیەی ڕەت نەكرایەوە، ئەوكات ئێمە لە دادگەی فیدراڵی تانە لەو بڕگەیەی یاساكە دەدەین.

هەروەها گوتی، ئێمە داوا دەكەین ئەو بڕگەیە هەموار بكرێ، چونكە ئەوە دژی بەرژەوەندیی گشتییە و بە تەواوی پێچەوانەی دەستوورە.

ئاماژەی دا، هەر ئێمە نین، كۆمەڵێك فراكسیۆنی تر لە پەرلەمانی عێراق دژی ئەو بڕگەیەی یاساكەن، ئەگەر سەرۆك كۆمار یاسا بێ گەڕاندنەوە بۆ پەرلەمان پەسەندی بكات، ئەوكات ئێمە دژی ئەو بڕگەیەی یاساكە هەنگاو دەنێین.

رۆژی شەموو 22 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینە دەنگی لەسەر یاسای داهاتەكانی وەزارەتی شارەوانی دا، یەكێك لە بڕگەكانی بریتییە لە قەدەغەكردنی خواردنەوە كهولییەكان لە عێراق، ئەمەش كاردانەوەی شەقام و ناوەندە مەدەنییەكانی لێ كەوتووەتەوە.

سەرچاوە: غەدپرێس.



وشە - باز ئه‌حمه‌د