جوانترین كتێبخانەكانی دنیا

:: PM:01:37:25/10/2016 ‌

مێژووی دروستكرنی كتێبخانە دەگەڕێتەوە بۆ چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر، دروستكردنی شوێنێكی ئارام بۆ خوێندنەوە و پەروەردە، هاوكات شوێنێك بۆ ئاڵوگۆركردنی بیروڕا. مرۆڤ چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر بیری لە ئارامگەیەك كردووەتەوە بۆ زانست و پەرەپێدانی بیر. نەتەوە یەكگرتووەكان رۆژی 24ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری وەك رۆژی دنیای كتێبخانە دیاری كردووە.

كۆمەڵێك كتێبخانە لە دنیادا بەهۆی مێژوو و دیزاین و ژمارەی ناونیشانی كتێبەكان ناوبانگیان دەركردووە و هەندێك لەو كتێبخانانە كتێبەكانیان هەزار و 300 ساڵیان تەمەنە.

كتێبخانەی ئاگۆستا
كتێبخانەی ئاگۆستای شاری "وێڵفنبۆتڵ"ی ئەڵمانیا یەك لە كۆنترین كتێبخانەكانی دنیایە كە سەرجەم كتێبەكانی تا ئیستە بە پارێزراوی ماونەتەوە. ئەو كتێبخانەیە بە یەك لە سەرسوڕهێنەرەكانی دنیا هەژمار دەكرێت. ئەو كتێبخانەیە زۆرترین كتێبەكانی پێوەستن بە ئەدەبیاتی سەدەكانی ناوەڕاست و زۆربەی لێكۆڵەرەوە ئەدەبییەكان لە سەرانسەری دنیا بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی توێژینەوەكانیان روو لە كتێبخانەی ئاگۆستا دەكەن.

كتێبخانەی "delft"
كتێبخانەی زانكۆی تەكنیكی "delft" هۆڵەندا یەك لە كتێبخانە سەرسوڕهێنەرەكانی دنیایە. شێوازی بیناسازیی ئەو كتێبخانەیە كە لە دەرەوەڕا بە یاریگەی تۆپی پێ دەچێت، سەرنجی گەشتیارانی بۆ لای خۆی راكێشاوە. ئەو كتێبخانەیە زیاد لە 250 هەزار كتێبی لەخۆ گرتووە و سەرەكیترین سەرچاوەی زانستییە بۆ خوێندكارانی هۆڵەندا و مێژووی هەندێك لە كتێبەكانی دەگەڕێتەوە بۆ 600 ساڵ لەمەوبەر.

كتێبخانەی ژوانینۆ
كتێبخانەی ژوانینۆی پورتوگال یەك لە سەرنجڕاكێشترین كتێبخانەكانی دنیایە. ئەو كتێبخانەیە بەناوی ژوانی پێنجەم، پاشای پورتوگال ناو نراوە لەبەر ئەوەی لە سەرەتای سەدەی هەژدەیەم بە فەرمانی ژوانی پێنجەم دروست كراوە. سەرجەم رەفەكانی ئەو كتێبخانەیە لە داری "ئەبنۆس" دروست كراوە و رەنگیكی سەرنجڕاكێشی هەیە.

 كتێبخانەی ئەسكەندەرییە
كتێبخانەی ئەسكەندەرییەی وڵاتی میسر یەكێكە لە بەناوبانگترین كتێبخانەكانی دنیا، ئەو كتێبخانەیە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر ئاگری گرت و لەناو چوو. بەر لە سووتانەكە زیاد لە 490 هەزار تۆمار و دەستنووسی لەبارەی زانستە جۆراوجۆرەكان لەخۆ گرتبوو. حكوومەتی میسر ساڵی 2002 ئەو كتێبخانەیەی لەسەر روباری نیل دروست كردەوە كە 220 ملیۆن دۆلاری بودجە بۆ تەرخان كرابوو.

كتێبخانەی سەن گالن
بەشێك لە كتێبەكانی كتێبخانەی ئاینی "سەن گالن"ی وڵاتی سویسرا، تەمەنیان زیاتر لە هەزار و 300 ساڵە. دیزاینی ئەو كتێبخانەیە بە كۆنترین دیزاینی بیناسازی لە ئەوروپا هەژمار دەكرێت و تا ئێستەیش نەخشەی ئەو كتێبخانەیە لەناو جامخانەیەكدا پارێزراوە. یەك لە بەرهەمە سەرنجڕاكێشەكانی ئەو كتێبخانەیە پەیكەرێكی مۆمیاكراوی میسرییە. هۆڵی خوێندنەوەی سەن گالن سەرنجڕاكێشترین هۆڵە لە دنیادا، كتێبخانەی سەن گالن لەلایەن رێكخراوی یۆنسكۆوە وەك ئاسەواری دنیای تۆمار كراوە.

كتێبخانەی "هۆڵی درێژ"
كتێبخانەی هۆڵی درێژ "Longroom"  64 مەتر درێژە و 12 مەتر پانە و لە دوبلینی پایتەختی ئێرلەندا دروست كراوە. ئەو كتێبخانەیە دوو نهۆمە و پێشتر دیزاینێكی ئەوتۆی نەبووە، بەڵام ساڵی 1858 ئەندازیارانی ئێرلەندا بڕیاریان دا سەقفی باڵەخانەكە لابدەن و سەقفێكی گومبەزی بە داری گوێز بۆ دروست بكەن و ئەوەیش وای كرد لەڕووی جوانی و سەرنجڕاكێشییەوە ببێت بە یەك لە كتێبخانە ناودارەكانی دنیا.

كتێبخانەی نیشتمانی چین
كتێبخانەی نیشتمانی چین زیاتر لە 30 ملیۆن ناونیشانی كتێبی لەخۆ گرتووە و بەمەیش بووە بە یەكێك لە حەوت كتێبخانە گەورەكانی دنیا. ئەو كتێبخانەیە ساڵی 1809 دروست كراوە و ئەوكات بەناوی "كتێبخانەی پایتەخت" ناو نرا، بەڵام ساڵی 1928 ناوەكەی گۆڕا بۆ "كتێبخانەی پیكەن" و دواجار ساڵی 1998 بە فەرمی ناوی "كتێبخانەی نیشتمانی چین"ی لێ نرا.

سەرچاوە/ دویچەوێلە-BBC


وشە - هیدایه‌ت جان