بۆچی یەكی ئایار بە جەژنی كرێكاران دیاریی كرا؟


ساڵانە لە سەرتاسەری وڵاتانی دنیا لە ڕۆژی یەكی ئایار/مایۆ، ڕێوڕەسم و چالاكی ئەنجام دەدرێ و لە وڵاتان ئەو ڕۆژە بە جەژنی كرێكارانی دنیا چەسپێنراوە، بەڵام ڕوون نییە ڕیشە و ڕەگی ئەو ڕۆژە و ناساندنی بە جەژنی كرێكاران لە چییەوە هاتووە.



ڕۆژنامەی "كریستیان ساینس مۆنیتۆر" لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی داوە، كە سەرەتای بیرۆكەی جەژنی كرێكارانی دنیا بۆ ڕۆژی 21ی نیسان/ئەپریلی 1856 دەگەڕێتەوە و بیرۆكەكە لە ئوسترالیاوە سەری هەڵدا، دواتریش گەیشتە ئەمەریكا، یەكەم جار كە یەكی ئایار وەك جەژنی كرێكاران ناسێنرا لە ساڵی 1882ی زاینی بوو و لە شاری نیویۆرك كرێكاران ئەو جەژنەیان گێڕا، دواتر بۆنەكە بە وڵاتانی دنیا بڵاو بووەوە و لەو ڕۆژەدا كرێكارە لێزان و كارزانەكانیان خەڵات دەكرد و ڕێزیان لێ دەنان. هۆی دانانی ئەو ڕۆژەش بۆ جەژنی كرێكاران، بۆ ناڕەزایەتی كرێكاران دەگەڕێتەوە بە ئامانجی كەمكردنەوەی سەعاتەكانی كاركردن بۆ هەشت سەعاتی ڕۆژانە.



لە ویلایەتی شیكاگۆی ئەمەریكا، بنەڕەتی ئەو جەژنە بۆ تەقینەوەی ناكۆكی و ململانێكان دەگەڕێتەوە، كە كرێكاران دژی خاوەنكاران دەستیان بە ناڕەزایەتی بەرفرەوان كرد و وازیان لە كاركردن هێنا و داوایان دەكرد سەعاتەكانی كاركردن بۆ هەشت سەعات كەم بكرێتەوە، ئەم ناڕەزایییانە بۆ شاری هامیلتۆنی ویلایەتی كالیفۆرنیا و شاری تۆرێنتۆی كەنەدا تەشەنەی سەند.



لە یەكی ئایاری 1886دا كرێكارانی شیكاگۆ سەرجەمیان وازیان لە كار هێنا و ڕژانە سەر شەقامەكان كە ژمارەیان لە نێوان 350 تا 450 هەزار كرێكار دەبوو، سوور بوون لەسەر داواكانیان و دروشمی " هەشت سەعات كار، هەشت سەعات پشوودان، هەشت سەعات خەوتن"یان دووپات دەكردەوە، سووربوون و بەردەوامی لە ناڕەزایەتییەكان ڕۆژ دوای ڕۆژ خەڵكی زیاتری كۆ دەكردنەوە و لە شارەكانی تریش ناڕەزایەتییەكان دەستیان پێ دەكرد، بەجۆرێك بووە وازهێنانی كرێكاران لە كاركردن، بووە هۆی كاریگەری دانان لەسەر سەرجەم كەرتە ئابوورییەكان، سەرەنجام پارێزگاری شاری شیكاگۆ لەگەڵ كرێكاران كۆ بووەوە و داواكانی لێ وەرگرتن و بەڵێنی دا كە بەدەم داواكارییەكانیانەوە بچێت، بەڵام دواتر گردبوونەوەی كرێكارانی جێ هێشت و پۆلیس دەستیان بە جموجۆڵ كرد تا هێز بەكار بهێنن بۆ بڵاوە پێكردنی كرێكارانی خۆپێشاندەر، پۆلیس ڕووبەڕووی خۆپێشاندەران بوونەوە و دواتر لە شیكاگۆ بۆمبێك لە نێو كۆمەڵێك پۆلیس تەقییەوە و بەو هۆیەوە ژمارەیەك پۆلیس كوژران.



دوای 11 ساڵیش لەو ڕووداوە سەرەنجام دەركەوت كە پۆلیس خۆی ئەو بۆمبەی داناوەتەوە و تەقاندوویەتییەوە تا بیانووێك بدۆزێتەوە تا بە توندی ڕووبەڕووی كرێكاران ببێتەوە، ئەو سیناریۆیەش بەم شێوەیەش بوو، دوای تەقینەوەی بۆمبەكە پۆلیس دەستی بە كوشتن و ڕەشبگیری كرێكاران كرد، بە فیشەك و ئاگر و ئاسن ڕووبەڕوویان بووەوە و گرژی و شەڕ و ئاڵۆزییەكان ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر پەرەی دەسەند، جگەلەوەش بە تۆمەتی دانانەوەی بۆمب و تەقاندنەوەی، زۆرێك لە سەرپەرشتیارانی بزووتنەوە ناڕەزایییەكانی كرێكاران گیران و حەوتیان سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا و هەندێكیشیان سزای بەندكردنی هەمیشەیییان بەسەردا سەپاندن، ئەم شەڕ و گرژی و كوشتارەش بەناوی "هایماركت" لە مێژووی ئەمەریكا تۆمار كرا، دواتر سەرۆك گروفەر كلیفلاند هاتە نێو پرسەكە و داوای لە پارتی كرێكاران و سەندیكاكانی كرێكاران كرد كە دۆخەكە ئارام بكەنەوە، لە ترسی تەشەنەكردنی زیاتر و سەرەنجام دروستبوونی شەڕێكی ناوخۆیی لە وڵاتدا، دوای ئەو زنجیرە ڕووداوە و شەش ڕۆژ لەسەر وەستانیان، كۆنگرێسی ئەمەریكا یەكی ئایار/مایۆی وەك ڕۆژ و جەژنی كرێكاران بە كۆی دەنگ پەسەند كرد و داواكاری كرێكاران چەسپێنران و كاتەكانی كاركردن كەم كرانەوە و لە ڕووی تەندروستی و خزمەتگوزارییەكانەوە، خاوەنكاران ناچار كران ژینگەیەكی سەلامەتی كار و هاوكاری دۆخی تەندروستی كرێكاران بكەن.

پاش ناساندنی یەكی ئایار وەك ڕۆژی كرێكاران لەلایەن كۆنگرێسی ئەمەریكاوە، بیرۆكەكە بە وڵاتانی تریش بڵاو بووەوە و بەو هۆیەوە ئێستە لە زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی دنیا، یەكی ئایار/مایۆ پشووی فەرمییە و تێیدا خاوەنكاران و دامەزراوە فەرمییەكان و حكوومەت و رێكخراوە مرۆیی و سەندیكا كرێكارییەكان، ڕێز لە كرێكاران دەگرن و خەڵاتیان دەكەن.



تا ئێستە لە نێو 194 وڵاتی دنیا، زۆربەی هەرە زۆریان دانیان بەو ڕۆژە ناوە وەك جەژنی كرێكارانی دنیا، بەڵام لە سعوودیە و عەمان و ئەفغانستان بەهیچ شێوەیەك ئەو ڕۆژە وەك ڕۆژی كرێكاران و جەژنی دنیای كرێكاران دانی پێدا نەنراوە و نە پشووە و نە هیچ بۆنەیەكیش بۆ ڕێزگرتن لە كرێكاران ڕێك دەخرێت.

سەرچاوە/جۆرنال ، ویكپیدیا.



وشە - باز ئه‌حمه‌د


AM:10:37:01/05/2017




ئه‌م بابه‌ته 5060 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌