میسال ئالووسی: بڕیارەكانی بەغدا دژ بە كورد لە تارانەوە دێ


 

بەپێی دەستوور، دەبێت دیپلۆماسیی عێراق نوێنەرایەتی سەرجەم پێكهاتەكانی تێدا بێت و شارەزا و پەرلەمانتارانی كورد و عەرەب دەڵێن، پشكی كوردستان لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەپێی هێز و پێگەكەی نییە و پێویستە هەرێم خۆی لەوە دەرباز بكات و پێوەندییەكانی دەرەوەی لە هەموو روویەكەوە پەرە پێ بدات. دووپاتیشی دەكەنەوە، كورد نوێنەرایەتی رێژەی راستەقینەی خۆیان لە بواری دیپلۆماسیی عێراقدا ناكەن

 

رێناس جانۆ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە"وشە"ی گوت، ئەو كاتەی وەزیری دەرەوەی عێراق گۆڕا، زۆر ترسمان هەبوو گۆڕانكاری بكات و پشكی كورد كەم بكاتەوە، بەڵام ئەوەی نەكرد و بەئاشكرا دژایەتی كوردی نەكرد، هەرچەندە چەند حاڵەتێك هەبووە لە هەندێك وڵاتی دیار باڵوێزەكە كورد بووە و گواستراوەتەوە، ئەوەش تا ئاستێك ئاسایییە.

زیاتر گوتی، لەگەڵ دەست بەكاربوونی وەزیری نوێی دەرەوە، سەرجەم باڵوێزانی عێراق بەبێ‌ جیاوازی گۆڕان و بەپێی دەستوور لەهەر وڵاتێك باڵوێزخانەی عێراق هەبێت، دەبێت نوێنەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكرێتەوە و زۆر وڵاتیش هەیە باڵوێزخانەی لێ‌ نییە، بەڵام نوێنەرایەتی كوردستان هەیە و زۆر وڵاتیش بەپێچەوانەوەیە.

جانۆ روونی كردەوە، زۆر ناهاوئاهەنگی لە نێوان وەزارەتی دەرەوەی عێراق و فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان هەیە و ئەوە كارێكی نەرێنییە.

"كورد نوێنەرایەتی خۆی لە دەرەوە هەیە و منەتی بە بەغدا نەماوە، لەگەڵ ئەوەی ئەو ڕێژەی پێشتر لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەبووە دەستكاری نەكراوە، بەڵام كەمیی ڕێژەی كورد لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق، پێوەندی بە كارگێڕیی پێشووی وەزارەتەكەی هۆشیار زێبارییەوە هەیە و دەبوو لەوكاتەدا ڕێژەی كورد زیاد بكرێ و ئێستە ناتوانین گلەیی لەو وەزارەتە بكەین" جانۆ وای گوت.

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی لە عێراق، دەڵی، لە هەندێك وڵاتان بە قەبارەی شارۆكەیەكی كوردستان كورد هەیە و بۆ پرسی سەربەخۆیی سوودیان لێ‌ نابینرێت، بێجگە لەوە زۆربەی پێوەندییەكانی كوردستان تایبەت و لە رێگەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جەلال تاڵەبانی سەرۆكی پێشووی كۆماری عێراق بووە.

سەرسام خەلیل مامۆستای زانكۆ و ماستەر لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان، بۆ "وشە" ئەوە دەخاتە ڕوو كە كورد لە عێراقدا رۆڵی نەماوە و ئەوەی لە بەرامبەر كورد دەكرێت لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق، نە هاوبەشییە و نە فیدراڵیی. بۆیە بە گوتەی سەرسام "دەبێت پێوەندییەكانی دەرەوەی نوێنەرایەتی سەرجەم پێكهاتەكانی تێدا بێت، بەڵام ئەوەی عێراق پێڕەوی دەكات جیاوازە".

ئەو پسپۆڕە دووپاتی دەكاتەوە كە كورد پشكی لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق كەمە و بەپێی هێز و پێگەكەی نییە و ئێستە لە قۆناغێكی خراپدایە. هاوكات پێی وایە "كورد پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم، پێویستە بیر لە پێوەندییەكانی نێودەوڵەتی بكاتەوە، بەڵام تا ئەوكاتەی جیا دەبێتەوە، پێویستە هەوڵ بدات دەستووری عێراق وەك خۆی جێبەجێ‌ بكات".

لای خۆیەوە میسال ئالووسی ئەندامی لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، بە"وشە"ی راگەیاند، كێشەكە تەنیا رێژەی بەشداریكردنی پێكهاتەكانی گەلی عێراق نییە، بەڵكو كێشەكە زۆر گەورەترە كە پێكهاتەكان تا ئێستە لەسەر بنەمایەكی زانستی ئاماریان نییە، جیا لەوەش پارتی فەرمانڕەوا لە عێراق (حزبی دەعوە) بەمەبەست لەو بابەتەدا پشت بە ژمارەی نادروست دەبەستێت، لەوەش مەترسیدارتر لە سیاسەتی دەرەوەی عێراقدا، ئەوەیە كە سیاسەتەكە بە هەموو ئەرێنی و نەرێنییەكانییەوە لەلایەن حزبی دەعوەی فەرمانڕەواوە بڕیاری لەبارەوە دەدرێت.

ئالووسی ئاماژە بەوە دەدات كە لە سەردەمی نووری مالیكی هەموو شت بەدەستی ئەوەوە بوو، ئێستەش سیاسەتی دەرەوە و سلكی دیپلۆماسیی بەدەستی سەرۆك وەزیرانەوەیە و نهێنیی زۆر لەو سیاسەتانەدا هەیە كە زۆر كەس نایزانن، بۆیە وەك لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوە، هیچ زانیارییەكمان لەبارەی چالاكی و رێككەوتن و وتوێژەكانی دەرەوە نییە.

ئەوەیش ناشارێتەوە كە "كاتێك شاندی عێراق لەگەڵ توركیا و سعوودیە و رووسیا وتوێژ دەكات، ئەجیندای نهێنیی خۆی هەیە، بۆیە دیپلۆماسیی و سیاسەتی دەرەوەی عێراق لەناو ئاڵۆزییەكی گەورەدایە و لەژێر كۆنترۆڵی تاكە حزبدایە، بەهەمانشێوەی بڕیارەكانی تری حكوومەتی عێراق كە ئەوانە نوێنەرایەتی دەستوور و دیموكراسیی و فرەیی ناكەن".

"وەك لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوە، هیچ كاریگەرییەكمان بەسەر نوێنەرایەتی دیپلۆماسیی عێراق نەماوە كە دەبوو هەبێت و ئەو بابەتە بەدەستی سەرۆك حزبەكانە، بۆیە دیاریكردنی باڵوێزەكان و دەستوەردان لە كاروباری دەرەوەی عێراق، لە رێگەی سەرۆك حزبەكانەوە دەبێت نەك پەرلەمان، بەڵام پەكی كەوتووە و كەوتووەتە ژێر كاریگەریی تاران و میلیشیاكان و هەڵچوونەوەكانەوە" ئەمە گوتەی میسال ئالوسییە.

دووپاتی كردەوە كە كێشەكە گەورەیە لە وەزارەتی دەرەوە و لیژنەكەی پەرلەمان نییە، بەڵكو حكوومەتیش پەكی كەوتووە و سەرۆك وەزیران و حزبی دەعوە تاكە فەرمانڕەوان، ئەوە كاری كردووەتە سەر هەموو كایەكانی دەوڵەتی عێراق.

لەبارەی نوێنەرایەتی كورد لە دبلۆماسیەتی عێراقدا، ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ئاماژە بەوە دەدات كە تا ئێستەش سیاسەتوانانی عەرەب بەگشتی بە هەمان كاردانەوە نەرێنی و فاشیستەكانی سەدام حوسێن كاریگەرن، راستییەكەی ئەوەیە كە تا ئێستە بەغدا ئامادە نییە قبووڵی ئازادی بۆ گەلی كورد بكات وەك تاك و گەل و سیستەمی سیاسی لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق، بۆیە ئەوان باوەڕیان بەیەك شت هەیە، ئەویش فەرمانڕەواییەكی ناوەندییە.

"زۆرینەی بڕیارەكانی بەغدا لە بەرامبەر كورد لە تارانەوە دێت كە نەیاری ئازادیی گەلی كوردستانە، بۆیە پێم وایە هەرێم خۆی لەوە دەرباز بكات و پێوەندییەكانی خۆی لە هەموو روویەكەوە لە دیپلۆماسیی و كولتوورییەوە پەرە پێ بدات، چونكە كورد نوێنەرایەتی رێژەی راستەقینەی خۆیان لە بواری دیپلۆماسیی عێراقدا ناكەن" ئالوسی وای گوت.

 

 

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم


AM:11:09:01/05/2017




ئه‌م بابه‌ته 4461 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌