سوپای پاسداران لە پۆستەرێکدا سووکایەتی بە بەهاکانی کورد دەکرێت

:: PM:03:42:01/10/2016 ‌
کۆماری ئیسلامی ئێران ماوەی حەوت ساڵە لە رێگەی شەڕی دەروونییەوە هەوڵ بۆ سڕینەوە و بێبەهاکردنی هێماكانی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا دەکات و زیاد لە سێ ساڵە لە رێگەی تیمێکی راهێنراوی سوپای پاسداران، کار بۆ نانەوەی دووبەرەکی و قوڵکردنەوەی کێشە لە نێوان نەتەوە نافارسەکان دەکات.

کورد وەک ئامانجی سەرەکی ئەو پڕۆژەیەی سوپای پاسداران دیاری کراوە کە بە پڕۆژەی "شەڕی نەرم" ناو نراوە. لە باکوری رۆژهەڵاتی کوردستان بە پێدانی دەسەڵات بە نەتەوەی ئازەری، هەوڵ بۆ سڕینەوە و گۆڕینی سیما و فەرهەنگی کورد دەدات لە ورمێ و نەغەدە و چەندان شاریتر ناوی شەقام و کۆڵانەکانیان لە زمانی کوردییەوە گۆڕیوە بۆ ئازەری و ئەوەیش بووەتە هۆی ناڕەزایی کوردان و درووستبوونی ناکۆکی نهێوان ئەو دوو نەتەوەیە.

لە باشووری رۆژهەڵاتی کوردستان کورد لەگەڵ نەتەوەی لوڕ دراوسێیە، پاریزگای خوڕەمئاباد لەناو زنجیرەچیاکانی زاگرۆس هەڵکەوتووە و دانیشتوانی ئەو پارێزگەیە سەربە نەتەوەی لوڕن و لەگەڵ پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان دراوسێیە، ئەو نەتەوەیە بە درێژایی مێژوو دۆستایەتی و تێکەڵاوییەکی زۆریان لەگەڵ کورد هەبووە و هەندێک لە لوڕەکان خۆیان بە نەتەوەی کورد دەناسێنن و لەڕووی کولتوور و مۆسیقاوە بەشێک لە مێژوویان لەگەڵ کورد هاوبەشە و ئەوەیش بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی ئەو نەتەوەیەیە کە دەکەوێتە سەر زنجیرە جیاکانی زاگرۆس.

دۆینێ هەینی 30 ئەیلوول/سێپتەمبەر لە ناوەندی پارێزگای خوڕەمئاباد و لەسەر دەرگای چوونەژوورەوەی تێرمیناڵی گشتی ئەو شارە پۆستەرێک هەڵواسراوە کە تیایدا وێنەی شەڕواڵی کوردی داندراوە و لەسەری نووسراوە "هاتنه‌ ژووره‌وه‌ به‌ شەڕواڵی کوردی قه‌ده‌غه‌یه‌".

ئەو رووداوە بووەتە هۆی تووڕەبوونی هەردوو نەتەوەی کورد و لوڕ و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ماڵپەڕە ناوخۆییەکانی رۆژهەڵات و لوڕستاندا کاردانەوەی توندی بەدوودا هاتووە و یەک لە ماڵپەڕە دیارەکانی لوڕستان نووسیویەتی "کولتووری ئێمە ئەوەندە تێکەڵاوە لەگەڵ کورد کە ئێستە زۆربەی لوڕەکان شەرواڵی کوردی دەپۆشن" و دانانی ئەو پۆستەرەی لە تێرمیناڵی گشتی ئەو شارە کە رۆژانە بە سەتان هاووڵاتی کوردی ئیلام لێیەوە هاتووچۆ دەکەن، بە درووستکردنی ئاژاوە و دووبەرەکی ناو بردووە.

ماوەی حەوت ساڵە بەڕێوەبردنی ئەو چالاکیانە لەلایەن وەزارەتی ئیتڵاعاتەوە بە تیمیکی تایبەتی سوپای پاسداران سپێردراوە و ئامانجیان درووستکردنی فەزایەکی دوور لە متمانە و یەکڕیزییە لەنێوان نەتەوە جیاوازەکانی ئێران و هاوکات بەکەم پیشاندانی بەها و کولتوور و سەرجەم پیرۆزییەکانی نەتەوە جیاوازەکانی ئێران بەشێکە لە ئەرکەکانیان.

تیمی چالاكییەكانی شەڕی نەرمی سوپای پاسداران لقێکی دامەزراوەی "ماڵە نهێنییەكان"ی سوپای پاسدارانە كە بە رێنوێنی و سەرپەرشتی عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ٢٠٠٩ دامەزراوە و مەبەست لێی بڵاوكردنەوەی دەنگۆ و بە ڕاگەیاندنكردنی ئەو دەنگۆیانەیە. وەك خۆیان باسی لێوە دەكەن ئامانجیان هەڵگیرساندنی شەڕی دەروونییە و لەلایەن "عەبدوڵا زەیغەمی" كە بە "سەردار موشفیق" ناسراوە، بەڕێوە دەبرێت.

یەكێك لە رێنوێنییەكانی خامنەیی بۆ ئەو گرووپە، دروستكردنی فەرهەنگی ئیسلامیی "شیعە"یە لە ئێران و هۆشداری ئەوەشیان پێ دەدات، بەشێكی هەرە گەورەی شەڕی نەرم لە ئێران لە چوارچێوەی مەزەبدا دەبێت و دەڵێت: "لە وڵاتێكدا كە مەزەبەكانی تری جگە لە شیعە ریشەیان داكوتاوە، هەرگیز نابێ وا بیر بکەینەوە دوژمنەکانماننایانەوێت لە رێگەی ئەو مەزەبانەوە شەڕمان لەگەڵ بکەن".

هاوکات، ئەو تیمە لە سەرەتای دەستبەكاربوونیان، لە كوردستان كەمە ئاینی یارسان "كاكەیی"یان بە ئامانج گرتوو و لە رێگەی جۆراوجۆرەوە كار بۆ بێ بەهاكردنی ئەو ئاینە كوردییە دەكەن، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بە دەیان شێوازی جۆراوجۆر هێرش كراوەتە سەر بەها و پیرۆزییەكانی ئەو ئاینە لە کوردستان.

وشە/هەولێر- هیدایەت جان




وشە - هیدایه‌ت جان