كچان خۆیان فێرە شەڕ دەكەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی

:: AM:10:59:08/10/2016 ‌
بە هۆی ئەوەی لەم ماوەیەدا رێژەی توندوتیژییەكانی دژ بە ژنان، لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەكی بەرچاو رووی لە هەڵكشان كردووە، لە ئێستەدا لە وڵاتی ئوردن سەنتەرێكی تایبەت بە راهێنانی كچان كراوەتەوە، بۆ رووبەڕووبوونەوە و خۆپاراستن لەو توندوتیژییانە.

لینا خەلیفە، خاوەن و دامەزرێنەری سەنتەری  SheFighter، كە لەو وڵاتەدا یەكەم سەنتەری راهێنانی ژنانە بۆ بەرگری لەخۆكردن رای دەگەیەنێت، ئێمە لە سەنتەرەكەمان راهێنانی تایكواندۆ و بۆكسێن (ملاكەمە) بە بەشداران دەكەین و فێری چۆنیەتیی رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژییە خێزانییەكان و دەستدرێژیی سێكسی و توندوتیژییەكانی سەر شەقامیان دەكەین.

لینا دەڵێت، بیرۆكەی دامەزراندنی ئەو سەنتەرەم لە ساڵی 2004ەوە هەیە، ئەویش ئەو كاتەی كچە هاوڕێیەكی نزیكم، لەلایەن باوكی و كەسوكارییەوە، رووبەڕووی ئەشكەنجەدان و توندوتیژیی بووەوە، هەر بۆیە بڕیارم دا ئەو زانیارییانەی خۆم لە بارەی هونەرە جەنگییەكان و پارێزگاری لەخۆكردن دەیانزانم، فێری كچان و ژنانی تریشی بكەم، بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆیان بكەن.

جێی ئاماژەیە، ئوردن یەكێكە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رێژەی توندتیژیی خێزانی تێیدا بەرزە و بە هۆی داخراویی كولتووری و چەپاندنی رەگەزیشەوە دەستدرێژیی سێكسی تێیدا دیاردەیەكی بەربڵاوە.

وشە/ سپوتنیك. و: ئەهمەد كەیفی



وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی