وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریكا و ئێران خەڵاتێك بە هاوبەشی وەردەگرن

:: PM:02:36:25/10/2016 ‌

خەڵاتی چاتام هاوسی نێودەوڵەتی بۆ ئەمساڵ بە هاوبەشی دەبەخشرێتە هەر یەكە لە جۆن كێری وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و محەمەد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمەش وەك رێزلێنانێك بۆ رۆڵگێڕانی هەردووكیان لە سەرخستن و گەیاندنە ئەنجامی ئەو رێككەوتنەی ساڵی رابردوو لە بارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران ئیمزا كرا.

بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی "فرانس پرێس" ئەمڕۆ سێشەم 25ی ئۆكتۆبەر/تشرینی یەكەم، لە بەرامبەر هەوڵەكانیان لە دانوستانەكانی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران، هەردوو وەزیر بوونە براوەی ئەو خەڵاتە، ئەمەش وەك پێزانینێك بۆ هەوڵەكانیان، كە یارمەتیدەر بوو بۆ چارەسەركردنی یەكێك لە ئەستەمترین كێشە دیپلۆماسییەكانی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە سەدەی 21ەمدا.

وڵاتانی (5+1) كە پێك هاتووە لە هەریەك لە ئەمەریكا، رووسیا، بەڕیتانیا، فڕەنسا و چین، هەروەها ئەڵمانیا كە ئەندامی ناهەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە، توانییان لە رێكەوتی 14ی یۆلیۆ/تەمووزی 2015 لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران بگەنە رێككەوتنێك لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران و دوای رێككەوتنەكەش ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەستا بەدەركردنی بڕیاری ژمارە 2231 كە بە گوێرەی ئەو بڕیارە، سەرجەم سزا ئابووری و دارایییەكانی پێشتر بەسەر ئێراندا سەپێنرابوون، بڕیار درا هەڵبگیرێن.

جێی ئاماژەیە خەڵاتی چاتام هاوس، ساڵانە لەلایەن پەیمانگەی شاهانەی چاتام هاوس بۆ كاروباری نێودەوڵەتی دەبەخشرێت، كە ئەو پەیمانگەیە لە ساڵی 1919 لەلایەن رۆبێرت سیسیلەوە دامەزرێنراوە.

سەرچاوە: سپوتنیك-ویكیپیدیا


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی