ئەركی ئازادكردنەوەی تەلەعفەر بە حەشدی شەعبی سپێردراوە

:: PM:02:37:25/10/2016 ‌

گوتەبێژی "عەسائیبی ئەهلی حەق" ڕای دەگەیەنێ كە ئازادكردنەوەی شارەدێی "تەلەعفەر"، دراوەتە دەست هێزەكانی "حەشدی شەعبی" و دەكرێ كوشتنی داعشە هەڵاتووەكانیش بەرەو سووریا، هەر بەوان سپێردراوە.

شێخ جەواد تەلیباوی گوتەبێژی "عەسائیبی ئەهلی حەق"، ئەمڕۆ سێشەم ڕای گەیاند كە سەركردایەتی حەشدی شەعبی بە فەرمی داوای لێ كردین كە ئەركی ئازادكردنەوەی شارەدێی تەلەعفەر بگرینە ئەستۆ.

عەسائیی ئەهلی حەق، بە یەكێك لە بەشە هەرە گرنگەكانی حەشدی شەعبی هەژمار دەكرێ و بە هێزێكی نیمچە فەرمی لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە ناسێنراون و لە شەڕی دژی داعشدا ڕۆڵیان پێ دراوە.

گوتەبێژی عەسائیب ئەوەشی ئاشكرا كرد كە یەكێك لە ئەركەكانی بە حەشدی شەعبی سپێردراوە، نەهێشتنی دزەكردنی چەكدارانی داعشە بۆ ناو سووریا و بازگەی داخستنی مووسڵ بە ڕەقەوە دەگرنە ئەستۆ. دەڵێ: بۆیە چاوەڕێ دەكەین ئەو شەڕەی ڕۆژئاوا زۆر توند بێت، چونكە داعش هەوڵ دەدەن هەر چۆنێك بێت ئەو سنوورەیان بۆ بمێنێتەوە.

تەلیباوی هەروەها دەڵێ: ئێمە داعش ڕاو دەكەین لە هەر شوێنێك بن، ئەوەش ئەركی داهاتووی ئێمەیە و كەسیان ناهێڵینەوە.

رۆژی 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی نزیكەی 60 هەزار چەكدار لە چوار فیرقەی سەربازی سوپای عێراق و پۆلیسی ناوخۆیی شارەكە، تەواوی شاری مووسڵ كەوتە دەستی تیرۆریستانی داعش و پاش ئەوەی شارەكە داگیر كرا، ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە مزگەوتێكی مووسڵ پەیامی بڵاو كردەوە و پاشان تیرۆریستان بەرەو ناوەڕاست و باشووری عێراق پێشڕەوییان كرد.

لە سەرەتاكانی مانگی ئاب/ئۆگستسی 2014، تیرۆریستان بەرەو كوردستان گەڕانەوە و پەلاماری ناوچە كوردستانییەكانیان دا بەرەو هەولێر هاتن و شارۆكەی مەخموور و گوێڕیان كۆنتڕۆڵ كرد، بەڵام لە شەوی 10 ئاب/ئۆگستسی 2014، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا هاتنە وەڵام و یەكەم بۆردمانیان لە مەخموور و گوێڕ بۆ سەر تیرۆریستان ئەنجام دا.

رۆژی دووشەم 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر لە درەنگانی شەودا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستپێكی هەڵمەتی رزگاری شاری مووسڵی ڕاگەیاند و بۆ بەیانییەكەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری خازر دەستیان بە پێشڕەوی كرد و توانییان تا نیوەڕۆ نۆ گوند لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە ، هاوكات لە میحوەری گوێڕ-مەخموور و میحوەری گەیارەش هێزەكانی عێراق پێشڕەوییان كرد و هەڵمەتەكان لایەن هێزەكانەوە رۆژ دوای رۆژ بەردەوام دەبن و بازنەی گەمارۆدانی تیرۆریستان لە مووسڵ سات دوای سات بچووكتر دەبێتەوە.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و یەكێكە لە شارە مێژوویییە بەناوبانگەكانی ناوچەكە و بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دەبێت و هەریەك لە پێكهاتەكانی عەرەبی سونە و كورد و توركمان و مەسیحی و كوردانی ئێزیدی و شەبەك تێیدا نیشتەجێن، زێی دیجلە بەنێو شارەكە تێپەڕ دەبێت و كردوویەتی بە دوو بەشەوە و بە بەشی ڕاست و چەپی شارەكە ناوزەد كراوە.

سەرچاوە: فڕانس پرێس


وشە - كوردۆ شابان