وەزیری دەرەوەی توركیا: هێرشی وشكانی دەكەینە سەر عێراق

:: PM:03:56:25/10/2016 ‌

وەزیری دەرەوەی توركیا رای دەگەیەنێت، ئەگەر ئەنكەرە هەست بكات گۆڕانكارییەكانی عێراق دەبێتە مەترسی بۆ سەر توركیا، هێرشی وشكانی بۆ سەر خاكی عێراق دەست پێ دەكەین.

ئەمڕۆ سێشەم، 25ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر، مەولوود چاوش ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز ناڕەزایەتی لە هەمبەر بەشداریكردنی پەكەكە لە شەڕی مووسڵ و جێگیربوونیان لەناو خاكی باشووری كوردستان دەربڕی و بە مەترسی بۆ سەر وڵاتەكەی زانی.

چاوش ئۆغڵو دووپاتی كردەوە، ئەنكەرە بە هیچ شێوەیەك قبووڵی ناكات پەكەكە هەرێمی كوردستان وەك بنكەی سەربازیی خۆی بەكار بهێنێت و لێیەوە هێرش بكاتە سەر توركیا.

وەزیری دەرەوەی توركیا لەو چاوپێكەوتنەدا رەخنەی توندی ئاراستەی حكوومەتی عێراق كرد بە جێگیركردنی گەریلاكانی پەكەكە لە دەوروبەری شنگال و هەڕەشەی ئەوەیشی كرد، ئەوان هەموو ئامادەكارییەكیان كردووە بۆ پاراستنی سەربازەكانیان و لە نزیك بەعشیقە جێگیر كراون.

ئۆردوگای بەعشیقە لە نزیك شاری مووسڵە و تیایدا سوپای توركیا راهێنان بە هێزە كورد و سونەكان دەكات، تا ئێستە چەندان جار بەغدا و كۆماری ئیسلامیی ئێران داوای كشانەوەی ئەو هێزەیان لە توركیا كردووە و بەو هۆیەوە گرژییەكی زۆر كەوتە نێوان حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا و ئەنكەرە سوورە لەسەر نەكشاندنەوەی هێزەكانی لە دەوروبەری مووسڵ.

وەزیری دەرەوەی توركیا لە چاوپێكەوتنەكەیدا لەگەڵ رۆیتەرز نایشارێتەوە، ئەگەر لەناو خاكی عێراقەوە هەڕەشەیەك بۆ توركیا دروست ببێت، ئەوا ئێمە لە هەموو مافەكانمان "تەنانەت هێرشی وشكانی بۆ سەر خاكی عیراق"یش دەست ناپارێزین.

چاوەش دووپاتی كردەوە، ئەو ئاگاداركردنەوەیەی ئێمە تەنیا بۆ حكوومەتی بەغدا نییە، بەڵكو رووی قسەكانمان لە ئەمەریكا و سەرجەم وڵاتانی هاوپەیمانی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشە.

ئەو لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی توركیا لەكاتێكدایە دۆینی دووشەم 24ی تسرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر، حەسەنه رووحانی، سەرۆك كۆماری ئێران رای گەیاند، جووڵاندنی هێزی سەربازی بۆ ناو خاكی عێراق دەبێ بە مۆڵەتی حكوومەتی ناوەندی لە بەغدا بێت، ئەگەر هەر وڵاتیك رەچاوی ئەوە نەكات، ئەوا زۆر مەترسیدار دەبێت بۆی.

تا ئێستە حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان هیچ كاردانەوەیەكی فەرمییان بەرامبەر ئەو هەڕەشانەی مەولوود چاوش ئۆغڵو نەبووە.

سەرچاوە/ رادیۆ فەردا- رادیۆ ئەوروپای ئازاد


وشە - هیدایه‌ت جان