ئەمڕۆ لە هەولێر شەشەم دیداری ئەنستیتیوتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ توێژینەوە "مێری" دەستی پێ كرد و تیایدا ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، باسی بەدینەهاتنی یەكێك لە گرنگترین ئەو بەڵێنییانەی دا كە پێش تەنگژەی دارایی دابووی و گوتبووی، هەرێمی كوردستان لە ساڵی ٢٠١٦دا دەتوانێت رۆژانە یەك ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بكات.
یەكێك لەو گلەیییانەی لە ئاشتی هەورامی كراوە، بریتی بووە لەوەی پێشتر بە فەرمی ئاشكرای كرد لە ساڵی ٢٠١٦دا بڕی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەگاتە یەك ملیۆن بەرمیل، بەڵام ئەو پێشبینی و پلانەی سەری نەگرت. ئاشتی هەورامی لەبارەی ئەو رەخنەیەی لێی دەگیرێت گوتی، "گلەییمان زۆر لێ دەكرێت و پێیان وایە هەڵە بووین، بەڵام كۆمەڵێك هۆكار و گۆڕانكاری لە ماوەیەكی كورتدا وایان كرد كوردستان نەتوانێت لە هەناردەی نەوتدا بگاتە ئەو ئاستە."
ئەو باسی لە پڕۆسەی گەڕان بەدوای نەوت و پاشان گرێبەست و دەرهێنانی نەوت كرد كە لە كوردستان تا ساڵی ٢٠١٣ بەردەوام بوو و لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ هێشتا كوردستان تەنانەت بۆڕییە نەوتەكەشی تەواو نەكردبوو كە نەوتی كوردستانی بە هێڵی نەوتی توركیاوە گرێ دەدا، كەچی حكوومەتی عێراق بودجەكەی بڕی.
ئاشتی هەورامی باسی لەوەش كرد كە چوار مانگ دوای بڕینی بودجە، بۆڕییەكەیان تەواو كرد و كە دەستیشیان پێ كرد، تەنیا بە هەناردەكردنی ٥٠ هەزار بەرمیل هەنگاویان نا، لەكاتێكدا حكوومەتی عێراق داوای ٢٥٠ هەزار بەرمیلی دەكرد و ئەوەش دەیسەلمێنێت كە تا ئەوكاتیش كوردستان توانای نەبووە ئەو نەوتە هەناردە بكات.
لە بەشێكی تری قسەكانیدا هەورامی ئاماژەی بەوە كرد كە لە مانگی پێنجی ٢٠١٤ دەستیان بە هەناردەكردنی نەوت كردووە و دواتر داعش و ئاوارەكانی هاتە سەر و نرخی نەوتیش بەرێژەیەكی بەرچاو دابەزی كە كۆمەڵێك شۆك بوون بەر هەرێمی كوردستان كەوت لە ماوەیەكی كورتدا و هەمووی ئەوانە داهاتیان دابەزاند.
وەزیری سامانە سروشتییەكان روونی كردەوە، لە كۆتای ساڵی ٢٠١٤ لەگەڵ بەغدا رێككەوتن و نەوتیان رادەست كرد، بەڵام ئەو بودجەیەی كە عێراق دەینارد ٣٠%ی مافە دارایییەكانی كوردستان بوو، بۆیە لە مانگی حەوت كوردستان بڕیاری دا خۆی نەوتەكە بفرۆشێت چونكە لەوكاتەدا پارەی زیاتری بۆ دەمایەوە.
یەكێكی تر لەو هۆكارانەی هەورامی ئاماژەی پێ كرد، بریتی بوو لە پاشەكشەی هەندێك لە كۆمپانیاكانی نەوت لە نزیك مووسڵ و سەرسنووری نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق بەهۆی كێشەی تەناهی، جگەلەمە پێشتر كە كۆمپانیاكان لە پاڵ بەرهەمهێنانی نەوت پەرەشیان بە كارەكانیان دەدا، دواتر بەهۆی ئەوەی كە حەقدەستەكانیان پێ نەدەدرا، نەیاندەتوانی ئەم هەنگاوەش بنێن.
بەگوتەی ئاشتی هەورامی، ئێستە بڕی بەرهەمی نەوتی كوردستان و ئەو نەوتەی كە لە لایەن حكوومەتەوە ئیدارە دەكرێت، رۆژانە ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوتە و ئەگەر ئەو كێشانە نەهاتبایە كایەوە، ئەوا بە دڵنیایییەوە لە ساڵی ٢٠١٦ سەرووی ملیۆنێك بەرمیل نەوتیان هەناردە دەكرد.