بەرھەمە جۆراوجۆرەكانی سەوزەو میوە، هەریەكەیان بە گوێرەی پێكهاتەی خۆی و بە رێژەیەكی جیاواز لەوانی تر سوودی گرنگیان بۆ تەندروستی مرۆڤ ھەیە، لەو نێوانەشدا كولەكە بە یەكێك لەو سەوزانە هەژمار دەكرێت، كە چەندان سوودی لە خۆیدا هەڵگرتووە، لەوبارەیەوە پسپۆڕانی بواری خۆراك، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی كە بەھۆی ئەوەی رێژەیەكی كالۆری تێیدا كەمە، كولەكە رۆڵی گرنگ لە دابەزاندنی كێشدا دەگێڕێت و ھەستكردن بەتێربوونیش بەو كەسانە دەبەخشێت كە دەیخۆن.
ھەروەھا كولەكە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین C و رێگریش دەكات لە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، بەوەش تەندروستیی دڵ دەپارێزێت.
هاوكات كولەكە بە یەكێك لە خۆراكە نموونەیییەكان دەژمێردرێت بۆ ئەو كەسانەی كە بەدەست نەخۆشی شەكرەوە دەناڵێنن، ئەمە سەرباری ئەوەی كولەكە %95ی لە ئاو پێك ھاتووە و دەتوانرێت بە سەرچاوەیەكی باش بۆ بووژاندنەوە و تەڕكردنی لەش دابنرێت.
لە هەمووشی گرنگتر، كولەكە بەھۆی بوونی چەندان دژە ئۆكسان لە پێكهاتەیدا، ھاوكار دەبێت لە دواخستی دەركەوتنی نیشانەكانی پیربوون.
سەرچاوە: شاشەنیوز.