100 خێزانی ئاوارە له‌ ناوچه‌كانی مووسڵه‌وه‌ گەیشتنە کەمپی خازر

:: PM:05:02:25/10/2016 ‌

دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا دوو کەمپی نوێ بە ناوەکانی حەسەن شام و خازر و بۆ ئەو ئاوارانە دروست کرا کە بە هۆی دەستپێکردنی کردەوەگەلی مووسڵ ئاوارەی هەرێمی کوردستان دەبن،  ئێستە 100 خێزانی ئاوارە گەیشتوونەتە ئەو کەمپە نوێیانە.

لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ "وشە" نێردراوە، دەزگەی خێرخوازی بارزانی، رای دەگەیەنێت، کە لە رۆژی 25ی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی 2016 بە مەبەستی هاوکاری کردنی ئەو ئاوارانەی تازە گەیشتوونەتە کەمپەکە و پێشوازیکردنیان، بە هەماهەنگی دەزگەی خێرخوازی بارزانی و مانگی سووری ئیمارات و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و رێکخراوی IOM هەڵستاون بە ناونووسکردن و رێوشوێنەکانی تایبەت بە نیشتەجێکردنی ئەو ئاوارانە لەو کەمپەدا، کە ژمارەیان 100 خێزانە و لە مووسڵەوە خۆیان گەیاندووەتە هەرێمی کوردستان.

هاوکات لە راگەیەنراوەکەدا، ئەوەش خراوەتەڕوو، کە دەزگەی خێرخوازی بارزانی هەڵستاوە بە دروستکردنی چێشتخانەیەک لە کەمپەکەدا بە مەبەستی ئەوەی رۆژانە دوو ژەمە خۆراکی گەرم بدرێت بەو ئاوارانەی کەمپەکە.


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی