دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی شاعیر و وه‌رگێڕ كه له دایكبووی سلێمانی ساڵی 1963یه، له‌باره‌ی وه‌رگێڕانه‌وه ده‌ڵێ، وه‌رگێڕان پێمان ده‌ڵێ كه ئێمه له كوێی ئه‌ده‌بیات و داهێنانی ده‌وروبه‌ری خۆمان و دنیاداین.
قه‌ره‌داغی له وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی "وشه"دا ئاماژه به‌وه ده‌دات كه وه‌رگێڕان لای داموده‌زگه كولتوورییه‌كانی ئێمه (ئه‌گه‌ر بوونیان هه‌بێ) و لای ئه‌و دامه‌زراوه‌ی پێی ده‌گوترێ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری، هیچ پێگه‌یه‌كی له ڕسته‌دا نییه و نه‌بووه‌ته پێداویستی هه‌نووكه‌یی.
وه‌رگێڕان چییه؟
ژانرێكی گرینگی ئه‌ده‌بیاتی هه‌ر میله‌تێكه. په‌نجه‌ره‌یه‌كه نه‌ك هه‌ر ده‌ره‌وه‌ی لێوه ده‌بینین و به ئه‌ویتر ئاشنا ده‌بین، به‌ڵكو خۆیشمانی لێوه ده‌بینین و به ئاستی ئه‌ده‌بیات و كولتووری خۆمان ئاشنا ده‌بین. وه‌رگێڕان ڕێنیسانس و ڕایه‌ڵێكی ژیاری و شارستانیی و كولتوورییه كه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به ده‌ره‌وه گرێمان ده‌دا، گوڕیش ده‌دات به ئه‌ده‌بیاتی خۆمان، ڕووبه‌ری شاراوه‌مان پێ ده‌دۆزێته‌وه، هه‌ناسه‌ی تازه‌مان پێ هه‌ڵده‌مژێ و داهێنانمان له لا بێ سنوورتر و دنیامان له لا به‌رفراوانتر و هه‌مه‌ڕه‌نگتر ده‌كات.
له هه‌موویشی گرینگتر، وه‌رگێڕان پێمان ده‌ڵێ كه ئێمه له كوێی ئه‌ده‌بیات و داهێنانی ده‌وروبه‌ری خۆمان و دنیاداین.
كه‌واته كه‌ڵك و قازانجی وه‌رگێڕان له مێژووی كورددا چی بووه؟
وه‌رگێڕان له‌لای كورد مێژوویه‌كی درێژ و دێرینی نییه. جگه له هه‌وڵی تاك و ته‌را و تاكه‌كه‌سیی، وه‌رگێڕان وه‌ك بزاڤێكی كولتووریی و ژیاریی سیستماتیك و دامه‌زراو و به‌رنامه بۆ داڕێژراو، تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌یش له لای ئێمه نییه. وه‌رگێڕان لای داموده‌زگه كولتوورییه‌كانی ئێمه (ئه‌گه‌ر بوونیان هه‌بێ) و لای ئه‌و دامه‌زراوه‌ی پێی ده‌گوترێ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری، هیچ پێگه‌یه‌كی له ڕسته‌دا نییه و نه‌بووه‌ته پێداویستی هه‌نووكه‌یی، به‌ڵام هاوكات نابێ ئه‌وه‌مان له یاد بچێ كه هه‌میشه یاد و یاده‌وه‌ری خاوه‌نی ئه‌و هه‌وڵه تاك و ته‌رایانه‌ی نموونه‌ی مامۆستایان شكور مسته‌فا و هه‌ژار و عه‌بدوڵا حه‌سه‌نزاده و عه‌زیز گه‌ردی و هیتر، به‌رز و پیرۆز ڕابگرین، یاده‌وه‌ری ئه‌و كه‌سانه‌ی له دژوارترین هه‌لومه‌رج و ناخۆشترین بارودۆخه‌كاندا، ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر حیسابی كات و ژیان و گوزه‌رانیان شه‌ویان خستووه‌ته سه‌ر ڕۆژ و به‌بێ چاوه‌ڕێكردنی هیچ پاداشت و ته‌نانه‌ت سوپاسێك، شانیان داوه‌ته به‌ر ئه‌و ئه‌ركه ژیارییه گرینگه. هه‌وڵی ئه‌و زاتانه زه‌وینه‌یه‌كی گرینگه بۆ ئێسته و ئاینده، بۆ كاتێك كه ته‌وژمی وه‌رگێڕان له لای ئێمه ده‌كه‌وێته سه‌ر پێی خۆی و پێگه و شوێنی شیاوی خۆی ده‌درێتێ.
كێ وه‌رگێڕێكی سه‌ركه‌وتووه؟
له ڕاستیدا سه‌ركه‌وتن (ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه بۆ كاری وه‌رگێڕان ڕاست بێت) له كاری وه‌رگێڕاندا ڕێژه‌یییه. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر تێكستێك بۆ وه‌رگێڕان بده‌ین به چه‌ند وه‌رگێڕێك كه هه‌مووشیان له هه‌مان ئاستی توانای باشی وه‌رگێڕاندا بن، ده‌بینین وه‌رگێڕانی هیچ كامیان له‌ویتریان ناچێت، ئه‌گه‌رچی هه‌موویشیان تێكسته‌كه‌یان بۆ زمانه‌كه‌ی تر گواستووه‌ته‌وه و ماناكه‌یان گه‌یاندووه. چێژوه‌رگرتنیش له وه‌رگێڕانه‌كان تا ئاستێكی زۆر له خوێنه‌رێكه‌وه بۆ خوێنه‌رێكی تر به‌گوێره‌ی ئاست و سه‌لیقه و پاشخانی ڕۆشنبیرییه‌كه‌ی ده‌گۆڕێت، ئه‌و وه‌رگێڕانه‌ی به لای خوێنه‌رێك یان نووسه‌رێكه‌وه په‌سند و سه‌ركه‌وتوو بێت، مه‌رج نییه له لای خوێنه‌ر یان نووسه‌رێكی تر به‌و جۆره بێت.
وه‌رگێڕانی جوان و سه‌ركه‌وتوو، وه‌رگێڕانێكه به‌بێ كه‌مترین هه‌ڵه و كه‌موكوڕیی، وه‌رگێڕانێكه به ڕیتم و له‌ره و سۆزی زمانی بۆ وه‌رگێڕدراو شێلراوه و به هه‌ناسه‌ی ئه‌و زمانه دهمێنراوه، وه‌رگێڕانی جوان وه‌رگێڕانێكه وه‌رگێڕ له‌گه‌ڵ تێكسته‌كه‌دا یه‌كانگیر ده‌بێ، له چركه‌ساتێكدا ده‌بێت به به‌شێك له خۆی، بیری ده‌كات و ده‌یدوێنێ و له‌گه‌ڵیدا ده‌ژی و به تامه‌زرۆیی ده‌گه‌ڕێته‌وه لای.
چۆن وه‌رگێڕان سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت؟ ئایا به‌هۆی زمانزانییه‌وه یان ئه‌زموونی وه‌رگێڕ، به‌تایبه‌ت وه‌رگێڕانی شیعر؟
زۆر شت ده‌ست له‌ناو ده‌ستی یه‌كتردا، وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی یه‌كانگیر و هاوئاهه‌نگ و هاڕمۆنیك، هاوبه‌شی له وه‌رگێڕانێكی پاك و پوخت و تۆكمه‌دا ده‌كه‌ن. جگه له زمانزانین و ئه‌زموون، سه‌لیقه و وردبینی و له‌سه‌ر وه‌ستان و نه‌فه‌سدرێژی، دۆزینه‌وه‌ی ڕیتم و ترپه‌ی دڵی زمانی تێكسته‌كه، دواندن و ڕۆنانی پێوه‌ندییه‌كی هه‌ستیی و ویژدانی له‌گه‌ڵیدا، ژیان له‌گه‌ڵیدا، یه‌كانگیربوون له‌گه‌ڵیدا و زۆر شتی تر.
به گشتی جیاوازی وه‌رگێڕانی ده‌قی ئه‌ده‌بی و شیعر به‌تایبه‌ت، له‌ته‌ك بابه‌ته‌كانی تردا چییه؟
شیعر زمانه له ناو زمانێكی تردا. زانینی ئه‌و زمانه‌ی شیعره‌كه‌ی پێ نووسراوه و ئه‌و زمانه‌ی شیعره‌كه‌ی بۆ وه‌رده‌گێڕی به‌س نییه بۆ وه‌رگێڕانی شیعر، به‌ڵكو ده‌بێ وه‌رگێڕ زمانێكی تر بزانێ كه ئه‌ویش زمانی ناوه‌كی و هه‌سته‌كیی شیعره‌كه‌یه، زمانی ناوه‌وه و كۆد و ئاماژه‌كان، زمانی ئاو و با و باران، زمانی ئه‌و بێ ده‌نگییه‌ی له قووڵایی دێڕه‌كاندا شه‌پۆل ده‌دا و زمانی ئه‌و بایه‌ی به كاوه‌خۆ هه‌ڵده‌كا و زمانی ئه‌و په‌ڕه‌ی ورد ورد له باڵی مانگه‌وه ده‌وه‌رێ. دیاره زمانزانین به ته‌نیا بۆ وه‌رگێڕانی هه‌موو ئه‌وانه به هانامانه‌وه نایه‌ت.
ئایا هه‌موو وه‌رگێڕێك توانای پاچهڤهكردنی ده‌قی شیعری هه‌یه؟
وه‌رگێڕ ده‌توانێ وشه‌كانی ناو شیعرێك به دروستی و بێ هه‌ڵه وه‌ربگێڕێت، به‌ڵام هه‌ندێ جار شتێك له شیعره‌كه‌دا نوقسان ده‌بێت، ئه‌ویش ڕۆحی شیعره‌كه‌یه، مه‌به‌ستم له بۆن و ڕه‌نگ و جووڵه و بێ ده‌نگیی كپی ناو شیعره‌كه‌یه.