کوردستان دوو ملیار و 300 ملیۆن دۆلار قەرزاری کۆمپانیاکانی نەوته‌

:: PM:05:06:25/10/2016 ‌

ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە شەشەم دیداری مێری ئاشکرای کرد کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوو ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار قەرزداری کۆمپانیاکانی نەوتە و ٢٥ ملیار دۆلاریشی بۆ دابینکردنی سووتەمەنی و کارەبا خەرج کردووە.

ئەو گوتی دوای ئەوەی تەنگژەی دارایی رووی لە هەرێمی کوردستان کرد و حکوومەت نەیتوانی بڕی مووچەی فەرمانبەران دابین بکات بە ناچار پارەیان لە کۆمپانیاکان قەرز کرد و هیشتا دوو ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەو کۆمپانییانە قەرزدارە و مانگانە لە فرۆشتنی نەوت پارەکەیان دەداتەوە.

ئەو باسی لە پڕۆسەی فرۆشتنی نەوت کرد و گوتی پڕۆسەی فرۆشتنی نەوت هەندێک ئاڵۆزە و بە چەندین قۆناغدا تێدەپەرێت. بۆ نموونە ئەو نەوتەی کە دەڕوا دوای ئەوەی دەگاتە جەیهان لە شوێنێک ئاوەکەی لێ جیا دەکرێتەوە و دواتر پلەبەندی دەکرێت لەوەی ئەو نەوتە کوالێتییەکەی چەندە و پاشان دەنێردرێتە سەر کەشتییەکان.

 بەگوتەی هەورامی  نەوتی کوردستان پلەکەی ٣٢ و بڕی گۆگردیشی لە هیی نەوتی عێراق زیاترە بۆ نموونە هیی عێراق پلەکەی ٣٤ و هیی برێنتیش ٣٨ و هەمووی ئەوانە کاریگەریان لە نرخدا هەیە. دوای ئەوەی نەوتەکە دەفرۆشرێت پارەکە بەشێکی بە هۆکاری جیاواز کەم دەبێتەوە بۆ نموونە مانگانە نزیکەی ١٠٠ ملیۆن دۆلاریان تەرخان کردووە بۆ حەقدەستی کۆمپانیاکان و ١٠٠ ملیۆن دۆلاریش قەرزی کۆمپانیاکانە کە بۆیان دەگەڕێنرێتەوە و هەوڵ دەدریت وردە وردە لەو قەرزە کەم بکەنەوە لەو بڕە نەوتەی کە دەیفرۆشن.

وەزیری سامانە سروشتییەکان رەتی دەکاتەوە بە فرۆشتنی نەوت  و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ئەو تەنگژەیەی لە کوردستان دروست بووە چارەسەر بکرێت، بەڵکوو پێی وایە دەبێت پێداچوونەوە بەسەر کۆمەڵیک پرسی دارایی و ئابووری ناوخۆ بکرێت و ناکرێت باری خەرجییە گشتییەکان و ئەو بڕە بودجەیەی بۆ بەکاربردن خەرج دەکرێت ئەوەندە بەرز بێت کە لە کوردستان دەگاتە نزیکەی ٦٨%  و ئەمەش لە هەموو وڵاتانی جیهان بەرزترە.

هەورامی ئەوەشی خستەڕوو کە لە کوردستان پارە و بودجەیەکی زۆریش بۆ سووتەمەنی و کارەبا خەرج کراوە و بە گشتی بڕەکەی دەگاتە ٢٥ ملیار دۆلار و ئەگەر ئەو بڕە پارەیەشی بخرێتە سەر کە پێوەندی بە وەزارەتی داراییەوە هەبووە بۆ دابینکردنی مووچە فەرمانبەرانی زیادەی کوردستان لە دەرەوەی لیستەکەی بەغدا، ئەوا دەگاتە ٣٢ ملیار دۆلار.

ئەو دەڵێ دابەزینی نەوت هەموو هۆکار و هەڵەکانی کوردستانی ئاشکرا کرد و کێشەکەش کێشەی حزبێک یان حکوومەت نییە بەڵکوو پێوەندی بە هەموو لایەنەکانەوە هەیە و دەبێت جیا بکرێتەوە لە مزایداتی سیاسی.



وشە - سلێمان تاشان