ئەردۆغان دەیەوێ لە ڕێی پەرلەمانەوە باری نائاسایی درێژ بكاتەوە

:: AM:11:12:09/10/2016 ‌
بڕیارە پەرلەمانی توركیا، دەنگ لەسەر درێژكردنەوەی ئەو باری نائاسایییە بدات كە لە دوای كودەتا شكستخواردووەكەی وڵات بڕیاری لەسەر دا.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا، چەند جارێك ئاماژەی بەوە كردبوو كە پێوستە ئەو باری نائاسایییە درێژ بكرێتەوە، بۆیە بڕیارە لە كۆبوونەوی ڕۆژی 11ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر لە پەرلەمانی توركیا داواكاریی رێگەدان بە درێژكردنەوەی باری نائاسایی كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی توركیاوە پێشكەش كراوە، تاوتوێ بكرێت.

داواكارییەكەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ درێژكردنەوەی باری نائاسایی، بۆ ئەوەیە كە بۆ سێ مانگی تر ئەو باری نائاسایییە درێژ بكرێتەوە كە 19ی ئەم مانگە كۆتای دێت.

چاوەڕوان دەكرێت هەر ئەم هەفتەیە بڕیارنامەی ژمارە 667 كە مامەڵەی یاسای لەگەڵدا دەكرێت و لە دوای هەوڵی ئەنجامدانی كودەتا، لە چوارچێوەی باری نائاساییدا لەلایەن حكوومەتی توركیاوه راگەیەنراوە، تاوتوێ بكرێت.

شەوی هەینی لەسەر شەموو، 15 لەسەر 16 مانگی تەمووز/یۆلیۆ بە سەرۆكایەتی عەقید موحەڕەم و بەشێك لە گەورە ئەفسەرانی دەستەی سوپاسالاری توركیا، هەوڵی كودەتایەكی سەربازی لە وڵاتی توركیا درا، جووڵەی فڕۆكەخانەكان وەستان و سوپاسالاری توركیا بە بارمتە گیرا و سوپا بە تانك و چەكی قورسەوە بە نێو كۆڵانەكانی ئیستانبۆڵ و ئەنكەرە بڵاوەیان پێ كرا و تەلاری پەرلەمانی ئەو وڵاتە بۆردمان كرا و كودەتاچییەكان هەلیكۆپتەریان لە ئاسمانی ئەنكەرە دەسووڕاندەوە و رەوشێكی تەواو ئاڵۆز بەسەر ئەو وڵاتە خۆی سەپاند، بە دواتر لە درەنگانی شەودا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە رێی سكایپەوە لە تەلەڤزیۆنەكان دەركەوت و داوای لە خەڵك كرد بڕژێنە سەر شەقام و بەرگری لە شەرعییەت بكەن، دوای پەیامەكەی ئەردۆغان بە دەیان هەزار لە هاووڵاتییان هاتنە سەر شەقام و رووبەڕووی سوپا بوونەوە و دواتر كە كودەتاكە هەڵوەشێنرایەوە، سێ مانگ باری نائاسایی ڕاگەیەنرا، بەڵام سەرۆكی توركیا و سەرۆك وەزیران دەیانەوێ سێ مانگی تری بخەنە سەر.

وشە/ ئەنادۆڵو، كوردۆ


وشە - كوردۆ شابان