میسی چاوی بە كۆپییە ئێرانییەكەی دەكەوێ

:: AM:11:01:07/05/2017 ‌

رەزا پەرەستیش كە بە میسییەكەی ئێران ناسراوە بەهۆی لێكچوونی تەواوی بە لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی، ئاشكرای كرد كە لەلایەن ئەو یاریزانەوە داوەتی شاری بەرشەلۆنە كراوە.

رەزا ئاشكراشی كرد كە ئەم هەفتەیە بەرەو شاری بەرشەلۆنە گەشت دەكات و لەوێ چاوی بە میسی و بەشێكی لە یاریزانانی یانەی بەرشەلۆنە دەكەوێ.

رەزا بۆ ئاژانسی (فارس)ی ئێرانی گوتی: داوەتنامەكەی میسی بەهۆی بڵاوبوونەوەی وێنەكەم بووە لەسەر تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی كە تێیدا وێكچوویەكی گەورە لەنێوان من و ئەودا هەیە.

لێكچووەكەی میسی لە گۆڕەپانی مونیرییە لە شاری تەهرانی پایەتەختی ئێران بینراوە كاتێك لە دووكانێكی فرۆشتنی كەلوپەلی وەرزشیدا خەریكی كڕینی درێسی ژمارە 10ی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بووە، لەوێ دانی بەوەداناوە كە لەلایەن میسییەوە داوەتنامەیەكی پێ گەیشتووە.

لای خۆشییەوە رۆژنامەی (ئاس)ی ئیسپانی بڵاوی كردبووەوە كە میسی سەرسامبووە بە لێكچووە ئێرانییەكەی و داوای لێ كردووە بێتە شاری بەرشەلۆنە بۆ ئەوەی لە نزیكەوە بیبینێ و قسەی لەگەڵدا بكات.









وشە - ئامانج ئه‌كره‌م