تاڤگە عومەر: رفاندنی منداڵان لەلایەن پەكەكەوە زیادی كردووە


عێراق لە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكاندا بەردەوام پێشەنگی ئەو وڵاتانەی گرتووە كە مافی مرۆڤیان تێدا پێشێل دەكرێ، هەرێمی كوردستان وەك بەشێكی جیا، ئاستی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ تێیدا چۆنە، بازرگانیكردن بە مرۆڤ، مافی منداڵ و ژنان و كرێكار و پەنابەران تا چەند پێڕەوكراوە؟، ڕفاندنی منداڵان لەلایەن پەكەكە و چەندان پرسی تر، پرسیاری "وشە"ن، تاڤگەر عومەر بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسایی و پاراستنی مافی مرۆڤ،روونكردنەوە و هەڵوێستی دەستەكەیانی لەبارەوە دەخاتە روو.

* مافی كرێكاران زۆر پێشێل دەكرێ و سەلامەتی كاریان بۆ دابین ناكرێ، لەو رووەوە چیتان كردووە؟
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ تاكە دەزگەی تایبەتە بە ڕەوشی مافی مرۆڤ بەپێی یاسای دەرچوو لە پەرلەمانی كوردستان، گرنگی زۆر بە چینی كرێكار دەدەین، چونكە دەستی كاری بیانی زۆر لە كوردستان هەیە و بەهۆی تەنگژەی دارایی خەڵكی زۆر ڕوویان لە كار كردووە، لە 2016دا ڕووپێوێكی مەیدانیمان بۆ ڕەوش و مافی كرێكاران ئەنجام دا، لە ئەنجامی ئەو توێژینەوە زانستییە، بینیمان زۆربەی زۆری كرێكاران لە مافەكانیان بێبەشن، بۆیە ڕووپێوەكەمان بڵاوكردەوە و لایەنە پێوەندارەكانمان ئاگەداركردووە، داوامان كرد گۆڕانكاری لە یاساكان بكرێ، چونكە ئەو یاسایانەی ئێستە هەن، یاساكانی ساڵی هەشتاكانن و ڕووماڵی پێشڤەچوونەكانی ئێستەیان نەكردووە، بۆیە گرنگە بە ڕژدی كار لەسەر ئەو دۆسیەیە بكەن.

* ژمارەیەكی زۆری پەنابەر ڕوویان لە كوردستان كرد و باس لە هەڕەشە و دەستدرێژیكردنەسەر ئەوان دەكرێ، لە ڕووی پاراستنی مافەكانیان چی كراوە؟
 هاتنی پەنابەران بۆ كوردستان شتێكی نامۆ بوو، چونكە خەڵكی كوردستان بەردەوام خۆی ئاوارە بووە نەك پێشوازی لە ئاوارە بكات، بۆیە سەرەتا لە هەموو ڕوویەكەوە كێشە هەبوو بەهۆی ئەوەی كەس خۆی بۆ ئامادە نەكردبوو، بەڵام ئێستە كاری زۆر كراوە بۆ ئەوەی مافەكانیان بپارێزین و كار بكەین بۆ دەستەبەركردنی مافە ژیارییەكانیان، حكوومەتی ناوەند زۆر كەمتەرخەمەلەو رووەوە، بەهۆی نەتوانینی دابینكردنی بژێوی ژیان، ناچار پەنابەران ڕوویان لە كاركردن كرد و لەلایەن خاوەنكاریشەوە ئەم دەرفەتە قۆسترایەوە و تەنانەت چووە حاڵەتی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە.
ئێستە كۆمەڵێك دیاردە لەناو كەمپی ئاوارەكان سەریهەڵداوە كە تەواو پێچەوانەی مافەكانی مرۆڤن، دیاردەی توندوتیژی و جیابوونەوە و زوو بە شوودان و دەستدرێژیی سێكسی لە پەرەسەندندان. 

ئامارتان لایە لەو پێشێلكارییانە؟
ئامار هەن، بەڵام تەواو و گشتگیر نین، چونكە زۆرێك لە پەنابەران لە دەرەوەی كەمپەكان نیشتەجێن و قورسە ڕووپێویان لەسەر بكرێ.

* دیاردەی بازرگانی بە مرۆڤ و جەستەی مرۆڤ لە كوردستان تا چەند هەیە و چۆنە؟
كێشەی بازرگانی بە مرۆڤ زۆر قورسە، چونكە ئەو یاسایانەی كاری پێ دەكرێ، بەتایبەت یاسای سزادانی عێراقی 1969 هەندێك لەو حاڵەتانەی باس كردووە، نەك هەموو حاڵەتەكان، بۆیە یەكەم گرفت نەبوونی یاسایە تا ئەو حاڵەتانەی دەچنە خانەی بازرگانی بە مرۆڤ، بە یاسا دیاری بكرێن. ئێستە پڕۆژە یاسایەك لەلایەن ڕێكخراوی "هاردلاند ئەلایسی" ئەمەریكاییەوە ئامادەكراوە و دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤیش هاوكاربووتێیدا. لە ساڵی ڕابردوو نووسینگەی گەرمیانمان توانی 38 حاڵەتی بازرگانیكردن بە مرۆڤ بە تایبەت بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤ تۆمار بكات، لایەنە پێوەندارەكانیشمان ئاگەدار كردووەتەوە و ئێستە دۆسیەكە لە دادگایە و ڕێكاری یاسایی وەرگرتووە، بەداخەوە كوردستان ئێستە وەك لە ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكاشدا هاتووە، بووەتە ڕێڕەوێك بۆ بازرگانیكردن بە مرۆڤ، ئافرەتانی وڵاتانی دراوسێی كوردستان دەبرێنە وڵاتانی تر بە تایبەت وڵاتانی عەرەبی و بازرگانییان پێوە دەكرێ. 

*هەفتەی رابردوو دەستی منداڵێك لە ئاكرێ بەهۆی هەڵەی پزیشك بڕایەوە، ئێوە وەك مافی مرۆڤ لەسەر ئەو دۆسیانە چ كارێكتان كردووە؟
لەسەر هەموو حاڵەتێكی نەخوازراو ئەگەر بزانین پێشێلكاری هەیە، هاتووینەتە دەنگ، بەڵام ئێمە كێشەی یاساییمان هەیە، ئەو تاوانانەی ڕەگەزی سزاییان هەیە، دەستەی مافی مرۆڤ بۆی نییە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ بەشدارییان تێدا بكات، دەتوانین لە ڕێی داواكاری گشتییەوە سكاڵابجووڵێنین و ڕای گشتی لەسەر دروست بكەین، بۆیە لەسەر ئەم دۆسیانە كارمان كردووە و هەڵوێستمان ڕاگەیاندووە و لە ڕاپۆرتەكانیشمان ئاماژەمان پێ كردوون.
لەسەر دۆسیەی ئەو منداڵە "سەنا" من خۆم بەدواداچوونی لەسەر دەكەم و لەگەڵ وەزیری تەندروستی و گوتەبێژی وەزارەت لەسەر هێڵین و بێدەنگ نابین و هەڵوێستمان دەبێت.

* چالاكان دەڵێن، حكوومەت زۆر گرنگی بەڕاپۆرتی ڕێكخراوەكانی نێودەوڵەتیدەدەن، بەڵام ڕاپۆرتەكانی ئێوە گرنگییان پێ نادرێت، ئەمە لە كەمتەرخەمی ئێوەیە یان لایەنی پێوەندار؟
كێشەی سەرەكی ئێمە ئەوەیەحكوومەت ئەوەندەی گرنگی بە پاراستنی پێگە و سەنگی خۆی لە دەرەوە دەدا، گرنگی بە كێشەكانی ناوخۆیی نادات، گرنگیدان بەو ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییانەی لەلایەن ڕێكخراوەكان و وەزارەتی دەرەوەی وڵاتان ئێمە تووشی شۆك دەكات، چونكە ئەوەی لە ڕاپۆرتەكانی دەستەی مافی مرۆڤ هاتووە، هیچی لە ڕاپۆرتی ئەوان كەمتر نییە، بگرە وردتریشە.
بەداخەوە كە لاپەڕەیەك لەسەر حكوومەتی هەرێم دەنووسرێ، هەموو حكوومەت دێتە سەرخەت و ئەو ڕاپۆرتانەی ئێمەش وردترن و بەهەند وەرناگیرێن، ئەمە كەمتەرخەمی لە دەستەی مافی مرۆڤەوە نییە، بەڵكو گرفت لە لایەنە پێوەندارەكانی حكوومەتە كە تا چەند پابەندن بەو ڕاپۆرت و ڕاسپاردەی لە دەستەوە بۆیان دەچێت. ئێمە تا ئێستە نەبووین بە دەزگەیەك بەپێی بنەماكانی پاریس تا ببینە ئەندام لە كۆڕبەندە نێودەوڵەتییەكان، چونكە سەربەخۆیی داراییمان نییە، تا چیتر لەژێر رەحمەتی حكوومەت نەبین.

* ڕەوشی گرتووخانەكانی كوردستان چۆنە لە كاتێكدا بەردەوام باسی پێشێلكاری دەكرێ؟
پێوەر و بنەما نێودەوڵەتییەكان لە مافی ڕاگیراوان و حوكمدراوان، هەنگاوی زۆرباش نراوە و باڵەخانەی گونجاو دابین كراوە، لەڕووی خۆراك و مامەڵەكردنەوە تا ئاستێكی باش بەرەوپێش چووین، بەڵام لە ڕووی یاسایییەوە گرفتی زۆر هەیە، دواكەوتنی لێكۆڵینەوەی ئەوانەی بە تاوانی جۆراوجۆر دەگیرێن، بەپێی یاسا نابێ لە شەش مانگ تێپەڕ بكات، بەڵام ئەوە پێڕەو نەكراوە، خاڵی تر بریتییە لە پرسی ئەشكەنجەدان، بەڵێ ئەم بابەتە لە گرتووخانەكان هەیە و دانپێدانان و بەڵگەی پێویستیشمان بۆ ئەمە هەیە.

* سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لەسەر پێشێلكارییەكانی سلێمانی قسە ناكات و ئەوانەی لە هەولێریش ڕوودەدەن گرنگی پێ دەدەن، لەسەر ئەم جیاكارییە چی دەڵێن؟
لە ڕاستیدا نابێ هیچ جیاكارییەك بكرێ، چونكە هەر جیاكارییەك بكرێ پێناسەی مافی مرۆڤ لە چالاكان وەردەگرێتەوە، جا لە هەر پۆست و پایەیەكدا بن، یەكێك لە بنەماكانی مافی مرۆڤ گشتگیری و جیهانگیرییە بێ جیاكاری، كاتێك كە تۆ ئەمەت ئەنجام نەدا، بە ڕاستی پێت ناگوترێ پارێزەر و داكۆكیكار لە مافی مرۆڤ، پێویستە ئەوەی لە دهۆك و گەرمیان و سلێمانی و هەولێر ڕوودەدا، بە یەكچاو سەیری بكەی. پابەندنەبوون بەمە، واتە بناغەی مافی مرۆڤ دەشڵەقێنی كە باوەڕنەبوونە بە جیاكاری. پرسی بە سیاسیكردنی كەیسەكانیش شتێكی ترە، ناكرێ ئەندامی حزبێك تاوانێك ئەنجام دەدا، تۆ حزبێك یان شارێكی پێ تاوانبار بكەیت.

* پرسێكی تر، ڕفاندنی منداڵانە لەلایەن پەكەكەوە، تا ئێستە چەند منداڵیان ڕفاندووە و چ پڕۆژەیەكتان هەیە بۆ ڕووپێوكردن و هۆشیاری لەسەر ئەو بابەتە؟
لەسەر ئەو دۆسیەیە نووسینگەی هەڵەبجەی مافی مرۆڤ ڕاپۆرتێكی ئامادەكردووە و دیاردەی ڕفاندنی منداڵ لەلایەن پەكەكەوە ڕوو لە زیادبوونە، ئامارەكانیشمان لەبەردەستە و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی دەریانخستووە كە لە شنگال و هەڵەبجە ئەو كێشەیە زیاتر بووە، ئەمەش گەورەترین سەرپێچییە بەرامبەر بە ڕێككەوتنی نێودەوڵەتیی منداڵ دەكرێ كە عێراقیش واژووی كردووە.
ئەوەی پەكەكە ئەنجامی دەدا، دوورە لە هەموو ڕێككەوتن و یاساكانی دنیا و هەرێمی كوردستان و عێراق، لەسەر دۆسیەكە كارمان كردووە و چاودێری دەكەین، پڕۆژەی هاوبەشمان لەمساڵدا لەگەڵ ڕێكخراوی یونسێفی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان هەیە، بۆ ئەوەی هەڵمەتێكی هۆشیاری ئەنجام بدەین، تا ئەو خێزان هۆشیار بكەینەوە زیاتر ڕێگری بكەن لەلایەن هێزی چەكدارەوە منداڵەكانیان بەكار بهێنرێ.

* لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە داوای هەڵوەشاندنەوەیسزای لە سێدارەدان دەكرێ، لە كوردستان هەنگاوەكان لەسەر ئەو بابەتە چین؟
ئەمە هەڵوەستەیەكی نێودەوڵەتی لەسەرە، تا ئێستە لە كوردستان 260 حاڵەتی سزای لە سێدارەدان هەیە كە لە ماوەی 1993 تا ئێستە لە گرتووخانەكاندا هەن، جگەلەوانەی سزاكەیان بەسەردا سەپێنراوە، ئەمە خزمەت بە پێگەی هەرێمی كوردستان ناكات، چونكە ئەو توندوتیژی و تاوانی ئەنجام داوە، ناكرێ دەوڵەتیش ئەمەیبەرامبەر بكاتەوە و ژیانی لێ بستێنێتەوە، دەبێ دەوڵەت چاكسازی لەو كەسانە بكات، گرنگە زیاتر ئەو سیستەمی چاكسازییە بەرەوپێشەوە ببەین، چونكە ئەوانەی لە گرتووخانەكان دێنە دەرەوە، هەر ئەوانەن دووبارە تاوان ئەنجام دەدەنەوە. 



وشە - باز ئه‌حمه‌د


PM:12:11:07/05/2017




ئه‌م بابه‌ته 9128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌